هۆشیار زێباری: دۆخی ئابووری و ئەمنیی عێراق سەخت و دژوار دەبێت

59   خولەک پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا ڕایدەگەیێنێت، هەرگیز نامەوێ ڕەشبین بم، بەڵام ئاماژەكان پێمان دەڵێن دۆخی دارایی و ئەمنیی عێراق لە سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ سەخت و دژوار دەبێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی ناوەندی سەركردایەتیی ئەو حیزبە لە بەغدا لە دیدارێكی میدیای حزبەکەی، باسی لە چەند پرسێكی گرنگ و هەستیاری پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە کرد، بەتایبەت دۆخی عێراق دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و پرسی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و تەنگەژەی ئابووری كە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، ئەركی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی تیرۆر كۆتایی دێت، بەڵام دوای 30ـی ئەیلوول، بەشێك لە هێزەكانیان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و سەردانی بەرپرسان و بەرژەوەندیە ئابووری و بازرگانییەكان لە عێراق، هەر دەمێنن. دووپاتیشی كردەوە، ڕاستە ئەمریكا لەڕووی سەربازییەوە لە عێراق نامێنێت، بەڵام لەڕووی هێزی سیاسی و ئابووری هەر دەمێنێتەوە.

لەبارەی ئەو وادەیەی بۆ چەكداماڵینی گرووپە چەكدارەكان دانراوە، هۆشیار زێباری نەیشاردەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دیاریكردنی وادەكە تۆزێك پەلەی كرد، بە بۆچوونی ئەو ڕۆژی دیاریكراو دەبێتە دەستپێكی پرۆسەی ڕادەستكردنی چەك نەوەك دوا ئاگاداركردنەوە و دوا مۆڵەت بێت بۆ گرووپەكان، ئێران ڕۆڵی كاریگەر و ڕاستەوخۆی دەبێت لەم پرۆسەیە و بەشێك لە لایەنەكانی نێو بەرەی مقاوەمە سووڕن لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵگرتنی چەك و بۆچوونیان وایە هێشتا شەڕ لە ناوچەكە بەردەوامە.

هۆشیار زێباری ڕوونی كردەوە، ئێستا زیاتر دەستەواژەی "ڕێكخستنەوەی چەك" لەشوێنی "داماڵینی چەك" بەكاردەهێنرێت، پرۆسەكە ڕوون نییە و كۆششی حكومەت بەردەوامە؛ زەیدی ئەگەر بۆ نمایشی ڕەمزی و باڵادەستیی حكومەتیش بێت دەبێت لە 30ـی ئەیلوولدا، جووڵەیەك پیشانی جیهان بدات.

لەلایەكی دیكەوە، بە بۆچوونی هۆشیار زێباری، ئێرانیش بەو قەناعەتە گەیشتووە كە دۆخی ناسەقامگیری عێراق یاخود هەڵگیرسانی شەڕی شیعە و شیعە لە بەرژەوەندیی تاران نییە.

لەسەر قەیرانی ئابووری و ئەو دۆخەی كە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، هۆشیار زێباری دەڵێت، حكومەت دەتوانێت هەر چۆنێك بێت تا پەسەندكردنی بوودجە، مووچە دابین بكات، نامەوێ ڕەشبین بم، بەڵام دۆخی ئەمنی و ئابووریی عێراق لە سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ سەخت و دژوار دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە