مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەتە
44 خولەک پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، داوای لە پەرلەمانتاران کرد بایکۆت بشکێنن، هاوکات جەختی لە گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی لە کەرکووک، پەروەردەی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان کردەوە.
دوای لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی گشتگیری لەسەر پرسە سیاسی، پەروەردەیی و ئەمنییەکان بڵاو کردەوە. تێیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە سەرباری کەمتەرخەمییەکانی بەغدا، و سەروەربوونی یاسا لە سەرتاسەری وڵاتدا.
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنەوە ئامادەییمان هەبووە و تاوەکو ئێستاش ئەو ئامادەیییەمان هەیە. پێویستە پەرلەمانتاران کە نوێنەری خەڵکن، بایکۆتی پەرلەمان بشکێنن و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێ بهێنن، یەکەم هەنگاویش کاراکردنەوەی پەرلەمانە و پەرلەمانتارانی ئێمە ئامادەن.
ڕوونیشیکردەوە داوایان کردووە بەغدا لە هەموو ئاستەکاندا بەشی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام وەک پێویست هاوکاری نەکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاریی کەرتی تایبەت و بەخشەرەکان کەرتی پەروەردەیان پێش خستووە و ناوەڕۆکی خوێندنیان ساڵ بە ساڵ بەرزتر کردووەتەوە.
هاوکات ستایشی ڕۆڵی کارای وەزیری پەروەردە و ستاف و مامۆستایانی کرد بۆ پێشخستنی خوێندن، و جەختی کردەوە کە ئەرکی حکوومەتە باشترین قوتابخانە، هاتوچۆ و سەلامەتی بۆ قوتابییان دابین بکات و ئەوەی لە توانایاندا بێت بە زیادەوە دەیکەن.
مەسرور بارزانی خوێندنی بە زمانی کوردی بە گرنگترین شت و پێناسەی نەتەوەیی ناو برد، داواشی لە مامۆستایان کرد پەرە بە زمانی شیرینی کوردی بدەن. جەختی لەوەشکردەوە:"کەرکووک دڵی کوردستانە و کوردستانیبوونی کەرکووک لە پێناسەکەیەتی، هیوادارم لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێیە، گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت.
|