بۆیەكەمجار لەئەمساڵدا دینار بەرامبەر دۆلار نرخی پێوانەیی تۆماركرد

1     کاتژمێر پێش ئێستا  113 جار خوێنراوەتەوە

بۆ یەكەمجار لەئەمساڵدا دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، نرخی پێوانەیی تۆمار كردو ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 149 هەزارو 150 دینارە .

ئومێد هەورامی، خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاری دۆلارەكەی سلێمانی بە 7ROJی راگەیاند: لەماوەی حەوت مانگی ڕ‌ابردووی ئەمساڵدا بۆ یەكەمجارە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەو شێوەیە بەرز ببێتەوە.

راشیگەیاند: كەمی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا وایكردوە، بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلار بەرزببێتەوە، هەرچەندە پێشبینی دەكەم بەرز بوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار كاتی بێت .

ئەوەشیخستەڕوو: ر‌ۆژانە بانكی ناوەندی بڕی 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ‌ەوە، ئەمەش بڕ‌ێكی جێگیرەو جێگیریی بە بەهای دۆلار دادەت، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی دینار تەنها پەیوەندی بە كەمی خواستی دۆلارەوە هەیە لەبازاڕدا .

ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 149 هەزار و 150 دیناری عیراقی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەی پێوە کرا و دواتر گەیشتەوە 150 هەزار دینار، چاوەڕوان دەكرێت نرخەكەی زیاتر دابەزێت، بەڵام شارەزایان باس لەوە دەکەن ئەو دابەزیینەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە كاتیی بێت .

ئەوەش لەكاتێكدایە، بانكی مەركەزی نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە 132 هەزار دیناری عیراقی جێگیر كردوەو بەراورد بەنرخی دۆلار لەبازاردا 10 بۆ 15 هەزار دینار كەمترە، ئەمەش لە رووی خواست و خستنەڕ‌ووەوە ئاساییەو جێگیریی بە نرخی دۆلار دەدات لەبازاڕدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە