بە بڕیاری عەلی زەیدی ئەنجوومەنی باڵای ژنان دروست دەکرێتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، کار دەکەن بۆ چالاککردن و دروستکردنەوەی (ئەنجوومەنی باڵای ژنان) بە دیدگەیەکی نوێ، بە جۆرێک کە ببێتە چەترێکی یاسایی و جێبەجێکار بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە وڵاتدا.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە (هەژدەمین کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان) لە شاری بەغدا، وتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا بایەخێکی تایبەت بە ژن دراوە و وتی: "شانازی دەکەین کە ئەمڕۆ ئافرەت لە هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەوڵەت ئامادەیی هەیە."
سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکانی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "دەستمان کردووە بە رێکارەکانی دروستکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئافرەتان و چالاککردنی بە دیدگەیەکی نوێ بۆ ئەوەی ئامانجە بنچینەییەکانی بپێکێت و رۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی دۆخی ئافرەتی عێراقی."
عەلی زەیدی خۆڕاگریی ئافرەتانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی داعش بەرزنرخاند و رایگەیاند، حکومەت کار دەکات بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام کە رێگری لە هەر جۆرە سووکایەتییەک بەرامبەر بە ئافرەتان بکات، ئەوەش لە رێگەی یاسا و رێکاری تووندەوە.
عەلی زەیدی دووپاتی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی توانای زانستی ژنان و گەیشتنیان بە پێگە کاریگەرەکان، گرنگترین هەنگاوە بۆ پاراستنی مافەکانیان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی ژنان لە هەڕەشە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە، حکومەت و دەوڵەتە.
|