عەلی زەیدی لە تاران چۆن پێشوازی لێکرا؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی عێراق جووڵە دیپلۆماسییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چڕ دەکاتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دۆسیەی وزە و ئاو گەیشتە ئێران و بریارە سەردانی تورکیاش بکات؛ هاوکات بەغدا کار بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت لە دەرەوەی تەنگەی هورمز دەکات.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وزە و ئابووری گەیشتە تاران و لەلایەن مەسعود پزیشکیان و لە مەراسیمێکی تایبەتدا پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی گاز و دابینکردنی وزە لە پێشینەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی جێگیرکردنی دۆخی کارەبا و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکراشی کرد جووڵەکان تەنیا تاران ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە بکات. لەو سەردانەدا، دۆسیەی ئاو و مسۆگەرکردنی پشکی ئاوی عێراق تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.
|