پاڵەوان دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و یەک ملیۆن کەس پێشوازی لێدەکەن

15   کاتژمێر پێش ئێستا  84 جار خوێنراوەتەوە

لەگەڵ فیکەی ناوبژیوانی یاریی کۆتایی مۆندیال، ئاهەنگ و دڵخۆشییەکان مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەی گرتەوە، پاشئەوەی هەڵبژاردەکەیان بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەرجەنتینی بردەوە و بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا، بووەوە بەپاڵەوانی جیهان.

میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەمڕۆ شاندی هەڵبژاردەکە دەگاتەوە مەدرید و پێشبینیدەکرێت، یەک ملیۆن کەس لە پێشوازی یاریزانانی هەڵبژاردەکەدا بن.

لە دوای تەواوبوونی یارییەکە، ئەگەرچی لە مەدرید،  نیوەشەو بوو، هەزاران هاندەر لە گۆڕەپانی کۆلۆنی مەدریدی پایتەخت کۆبوونەوە و یاریی ئاگرینیان بەئاسماندا تەقاندە.

هاندەرانی هەڵبژاردەکە، کە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، گوتوویانە ئەوان لە ئاهەنگگێڕان تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام دەبن و دواتر روودەکەنە فڕۆکەخانە، بۆ پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەکە.

شەقامەکانی پایتەختی ئیسپانیا کۆبوونەوەی زۆری خەڵکیان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەخۆوە بینی، لەگەڵ دەرکەوتنیان بەئاڵای وڵاتەکەوە و لە دۆخی ئاهەنگگێڕان و گوتنەوەی گۆرانیی "We Are the Champions"، (ئێمە پاڵەوانین).

هاندەرەکان ئاشکرایانکردووە، شوێنی داهاتووی ئاهەنگگێڕانیان، گۆڕەپانی سیبیلیس دەبێت لە مەدریدی پایتەخت.

بڕیارە شاندی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەزووی بگەڕێتەوە وڵاتەکە و ئەمڕۆ ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوەکە بگێڕێت.

میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فڕۆکەی هەڵبژاردەکە کاژێر 12:50 بەکاتی نێوخۆی ئیسپانیا لە فڕۆکەخانەی مەدرید - باراخاس دەنیشێتەوە.

فرانسیسکۆ مارتین، نوێنەری حکومەت لە مەدرید ئاشکرایکردووە، پێشبینیدەکەن یەک ملیۆن کەس لە پێشوازیی شاندی هەڵبژاردەکەدا بن.

ئەو زیاتر روونیکردووەتەوە، شاندی هەڵبژاردەکە لەسەر پشتی پاسێکی سەر کراوە دەبن و بەچواردەوری کۆشکی 'لامۆنکۆلادا دەسووڕێنەوە، کە بارەگای حکومەتی لێیە، دواتر بەشەقامەکانی شارەکەدا دەڕۆن، تاوەکو دەگاتە گۆڕەپانی سیبیلیس و گۆڕەپانەکە بەتایبەت بۆ ئاهەنگگێڕانی یاریزانەکان تەرخانکراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە