358 کیلۆ زێڕی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی گەڕێندرایەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

358 کیلۆ زێڕی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە و رادەستی بانکی ناوەندیی عێراق کرا.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە زێڕەی بڵاوکردەوە.

دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە گەندەڵی راگەیاند، "ئەو بڕە زێڕە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەڕێندراوەتەوە کە لە چوارچێوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی دەستیان بەسەردا گیراوە."

لە 30ـی ئایار، عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. زۆرینەی ئەو تۆمەتی گەندەڵییانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، 17 کیلۆگرامی دیکە زێڕ لە دۆسیەیەکی دیکەدا دەستی بەسەردا گیراوە و بە تێکڕا ئەو زێڕەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی گەڕێندراونەتەوە گەیشتە 375 کیلۆ و رادەستی بانکی ناوەندی کراون.

6ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ئەو پارەیە بڵاوکردەوە کە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە کە گەیشتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە