لووتکەی G7: جیهان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای داهاتوو

1     کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

سێ مژاری سەرەکیی تەندروستیی گشتی لە لووتکەی G7ـی ئەم ساڵ ئاماژەی پێدرا (پرسی ئیبۆلا، کاری جیدی بۆ رووبەڕووبونەوەی شێرپەنجە و سەروەریی تەندروستی لە دابینکردنی توانا پزیشکی و تەندروستییەکان).

سەرکردە بەشداربووەکان جەختی سەرەکییان لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی بەردەوام بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان و شێرپەنجە. سەرۆکی فەرەنسا هەواڵێکی ناخۆشی بە رووی هەموواندا گوت ''جیهان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای داهاتوو''.

تەنانەت سەرکردەکان رێککەوتن لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ (نەخۆشییە دەماری و دەروونییەکان) وەکو "پرسێکی سیاسەتی گشتگیر" بەهۆی کاریگەرییە ئابوورییە جیهانییەکەی کە ساڵانە پێنج ملیار دۆلارە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە میوانداریی لووتکەکەی کردووە جەختی لە پشتیوانیی دابینکردنی تەندروستی بۆ (مرۆڤ، ئاژەڵ و سیستمی ژینگە) کرد و بە رێبازی (یەک تەندروستی) ناوی برد.

ئەوەی وت کە: جیهان ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای داهاتوو، چونکە هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتیی لە بواری تەندروستیدا داڕماوە.

پشتیوانیشی لە بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتان کرد بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە سەروەریی تەندروستییان هەبێت و هەر وڵاتێک لە نێوخۆی خۆیدا دەرمان بۆ خۆی دروستبکات بێ پشتبەستن بە وڵاتێکی دیکە.

تەنانەت ماکرۆن پاڵپشتیی ئەو هەڵمەتەشی کرد کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان کراوە و دەڵێت، لەڕێگەی هاوئاهەنگی لە دابینکردنی ڤاکسین و پشکنینەوە، ئەوە دەبێتە نەخۆشییەکی رابردوو.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە وەڵامدانەوە و هاوکاریی بەهێزیان هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جۆری نوێی ڤایرۆسی ئیبۆلا بەناوی بۆندیبوگیۆ لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ئۆگەندای دراوسێی.

ترەمپ وتی، پشتگیری لە ناردنی خێرای سەرچاوە پزیشکی و مرۆییەکان دەکەم بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی کۆنگۆ تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا بکرێت. تەنانەت ستایشی ئەو هەوڵەشی کرد کە بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێکی خێرا دژی نەخۆشییەکە دروستدەکرێت.
 
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا تیشکی خستە سەر تەکنەلۆژیا و پزیشکی و رایگەیاند: پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد دەبێت بۆ باشترکردنی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و دۆزینەوەی چارەسەری تاکەکەسی شێرپەنجە بەکاربهێندرێت. 

مەبەستی لە چارەسەری تاکەکەسی (بریتییە لە تەکنیکێکی پێشکەوتووی پزیشکی بۆ نەخۆشییە سەختەکان وەک شێرپەنجە، کە تێیدا دەرمان و پلان لەسەر بنەمای جینات و DNAـی هەر نەخۆشێک بە جیا دادەڕێژرێت نەک بە شێوەیەکی گشتی، واتە هەر نەخۆشێک و دەرمانێکی تایبەت بە خۆی بۆ دروستدەکرێت).
 
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ''پێویستە بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی زنجیرەکانی دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی بەرگەی شۆکە ناوچەیی و جیۆلۆجییەکان دەگرن؟''.

ئەو هاودەنگ بوو لەگەڵ داواکارییەکان بۆ چڕکردنەوەی پشکنینەکان بۆ شێرپەنجەی سییەکان، کە گرووپی جی حەوت وەکو لەپێشینەیەک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن لەسەر ئاستی جیهان لە ماوەی دەیەکی داهاتوودا دەستنیشانیکردووە.
 
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەرنجەکانی لەسەر تەندروستیی گشتی بوو و جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانی حکومەتی ژاپۆن کرد بۆ پەیمانگەی توێژینەوەی پزیشکیی کینیا بۆ ئەوەی وەکو ناوەندێکی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەفریقا بەردەوام بێت.
 
"جی 7"ـی ئەم ساڵ کە 52ـەمین لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە نێوان 15 بۆ 17ـی حوزەیرانی 2026 لە شاری ئێڤیان لە فەرەنسا بەردەوامە. فەرەنسا کە سەرۆکایەتیی خولیی ئەم ساڵی گرووپەکەی لە ئەستۆیە، میوانداریی لووتکەکە دەکات و ئەمە لە ناوچەی (ئیڤیان لی بان) ئەنجامدەدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە