تەرمی ئەو کچە گەشتیارە دۆزرایەوە کە لە ئەحمەد ئاوا خنکا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  180 جار خوێنراوەتەوە

دوای نۆ ڕۆژ لە گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوام، تەرمی ئەو کچە گەشتیارە عەرەبەی لە سەیرانگەی ئەحمەد ئاوا کەوتبووە ناو ئاوی زەڵمەوە، دۆزرایەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر 12:35 خولەک، تەرمی (ڕوقیە ڕافد)، ئەو کچە تەمەن 12 ساڵەی خەڵکی شاری کەربەلا کە بە مەبەستی گەشتوگوزار ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لەناو سەرچاوەی ئاوی زەڵم دۆزرایەوە و لەلایەن تیمەکانی غەواسەوە لە ژێر بەردێکدا دەرهێنرا.

دۆزینەوەی تەرمەکە پاش نۆ ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوام و هەوڵی تیمەکانی مەلەوانی، غەواس و بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە و سلێمانی دێت کە لەو ناوچە سەختەدا سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوایدا.

لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا باوکی ڕوقیە و بەشێک لە کەسوکارەکەی کە لە چاوەڕوانیی چارەنووسی کچەکەیاندا بوون، لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە شوێنی مانەوەیان بۆ دابینکرابوو تاوەکو تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.

ڕۆژی 9-6-2026، ڕوقیە ڕافد لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە بە مەبەستی گەشتوگوزار و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی سەیرانگەی ئەحمەد ئاوایان کردبوو، بەڵام بەهۆی ڕووداوێکەوە کەوتە نێو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و خنکا، کە بووە هۆی نیگەرانییەکی زۆری خەڵک و داخستنی کاتیی سەیرانگەکە بە ڕووی گەشتیاراندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە