کۆی پارەی گەنمی جووتیاران بە یەک گوژمە خەرج دەکرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بڕیارە "لەم رۆژانە"دا کۆی پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج بکرێ.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 183 ملیار و 205 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە و خەرج نەکراوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە: "پێش جەژن لە حکومەتی عێراقەوە بڕیاردرا، دوای جەژن پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکرێ و چاوەڕێ دەکەین لەم رۆژانەدا پارەکە خەرج بکرێ".

بە وتەی نەوزاد شێخ کامیل، ئەم گوژمەیە تەواوی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێ، کە ساڵی رابردوو گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە.

حکومەتی عێراق ساڵی رابردوو 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، تۆنی بە 800 هەزار دینار، کە کۆی پارەکەی نزیکەی 320 ملیار دینار بوو. ئەو پارەی خەرج نەکراوە پارەی بەشێکی ئەو گەنمەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە