یەکێتیی و پارتی کەی کۆدەبنەوەو گفتۆگۆکانیان دەست پێدەکەن؟
48 خولەک پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
یەکێتی و پارتی هەوڵەکانیان بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەم چەقبەستووییە سیاسییە دەست پێکردووەو بەرپرسانی باڵای هەر دوو حیزبیش لە ڕیی میدیاوە داوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دەکەن.
قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانی دەڵێت ئێمە حازرین و هەر شتێک لەم چەقبەستووییە دەربازمان بکات پشتیوانی لێ دەکەین و بە چارەسەری ئەبینین.
قوباد تالەبانی وتیشی ئاسانترین شت ئەوەیە لەگەڵ پارتی کۆببینەوەو لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەوین بەڵام گرفتەکە کۆبوونەوە نیە بەڵکو ئەوەیە ئایا هەموو لایەنەکان و پارتی و یەکێتی لەوە تێگەیشتوون حکومەتی نوێی هەرێم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستی بە شەراکەتێکی ڕاستەقینەوهاوسەنگیی و، پێویستی بە پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردنە؟
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد بەش بە حاڵی خۆم وەک تیمی دانوستانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو حەقیقەتە تێگەیشتوم و ناڕەزایەتییەکانی یەکێتی لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر فەلسەفەی شەراکەت و پێکەوە کارکردن و پێکەوەژیان و پێکەوە بەڕێوەبردنە.
هاوکات مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی ھەموو ھەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و جەختی لەوەشکردەوە "بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی لە ڕۆژی جەژندا زۆر ڕوون بووە کە تیایدا داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.
|