ئەم هاوینە کارەبای هەموو کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری

2   کاتژمێر پێش ئێستا  59 جار خوێنراوەتەوە

پڕۆژەی رووناکی ئاشکرای دەکات، هاوینی ئەم ساڵ کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و دەشڵێت هاووڵاتیان ، بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای موەلیدە و کارەبای نیشتمانی، ئێستا پارەیەکی کەمتر دەدەن.

پڕۆژەی رووناکی  کە ئەرکی بریتییە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەڵێ ، سنووری ئیدارەی گەرمیان، قەزاکانی دەربەندیخان، پێنجوێن و بەشێکی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ کارەبایان نەکراوەتە 24 کاتژمێری؛ هەروەها سنووری قەزای شەقڵاوە وەک تاکە ناوچەی پارێزگای هەولێر و قەزای ئامێدی لە دهۆک کارەبایان نەکراوەتە 24 کاتژمێری و هەموویان کاریان تێ دەکرێ.

تیمی پڕۆژەی (رووناکی) ئاشکرایان کردووە، "نزیکەی 90%ـی کۆی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کارەبایان کراوەتە 24 کاتژمیری و؛ پلان هەیە لەم هاوینەدا ئەو ناوچانەشی ماون بە تەواوی کارەبایان ببێتە 24 کاتژمیری".

بەگوێرەی پڕۆژەی (رووناکی)، دوایین پسووڵەی کارەبا لە پڕۆژەکە بۆ مانگی ئادار بووە بۆ 37 رۆژ و تێکڕا لە پارێزگای هەولێر 61 هەزار دینار پارە گەڕاوەتەوە؛ هەروەها لە سلێمانی 50 هەزار دینار؛ دهۆک 73 هەزار دینار و تێکڕای پارەدانی 37 رۆژەکە لە هەڵەبجە 49 هەزار دینار بووە.

پڕۆژەی رووناکی دەڵێ: "بەپێی نرخە نوێیەکە 80%ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران، بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای موەلیدە و کارەبای نیشتمانی".

پڕۆژەی رووناکی مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە