"بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بەردەوامە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
172 جار خوێنراوەتەوە
بە بۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: هەر یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال و داكۆكیكاری مافی كۆمەڵانی خەڵك دەبین و ئێستاش بەسەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ كاروانی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بەرەو پێش دەبەین.
دەقی پەیامەكەی مەکتەبی سیاسی:
پەیامی مەكتەبی سیاسی بە بۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتی
ئەمرۆ پەنجا و یەك ساڵ بەسەر دەستپێكی خەباتی یەكێتییەكەتان، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پەنجا ساڵ بەسەر پەرپاكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان تێپەڕ دەبێت.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین كە ئەم تێكۆشانە بۆ سەرفرازی ئەوان بەرپا بووە.
خەباتی خوێن و فرمێسكی یەكێتیی و شۆرشی نوێی گەلەكەمان، دوای شانزە ساڵی بێ وچان لە وێستگەی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بە نەخشەی ورد و ژیرانەی یەكێتییەكەتان، گەیشتە قۆناغی رزگاری بەشێكی بەرچاوی خەڵك و خاكی كوردستان، زەمینەی بیناكردنی ئەزموونی دیموكراتی و حوكمی خۆبەخۆی بۆ رەخساندین كە سەرەڕای دژواری و ناكۆكی ناوخۆیی بووە ئەزموونێكی پایەداری ئەوتۆ دوای روخانی دیكتاتۆری بەعسیش، لەدەستووری عیراقدا چەسپێنراوە.
ئاكامی تێكۆشانی یەكێتیی و شۆڕشە ئومێد بەخشەكەی بە ڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵە دێرینەكانی لە دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، لە كوردستان و سەرتاسەری عیراقدا بۆتە شانازییەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزن و نەبەردی دیموكراتی درەوشاوە. بە سەربەرزییەكی كوردانەوە، عیراقی ئێستا بەرهەمی ئەندێشەی كەمەندكێشی ئەم شۆڕشە نوێباوەی یەكێتییە كە مەسەلەی كوردستانی تا سەركەوتنێكی چۆنایەتی بردە سەرەوە و عیراقی گەیاندە بژاردەیەكی فیدرالی و دەستووری كە تەنانەت نەخشە رێگای یاسایی ماددەی ١٤٠یشی بۆ پرسی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان چەسپاندووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش هەوڵی یەكێتی بۆ پێكەوە ژیان و سەركەوتنی ناسنامەی كوردستانێتی كەركوك، تا سەر درێژەی دەبێت.
ئەمڕۆش كە بیرەوەری ئەم بۆنە میللییەی دامەزراندنی یەكێتی و بەرپاكردنی شۆڕشی نوێیە، وەك یەكێتیی بەڵێنی لێبڕاوانە دووپات دەكەینەوە هەمیشە و تا دوا ئامانجی مافی چارەنووس، هەر یەكێتییەكەی خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵك و داكۆكیكاری راستگۆی ویست و مافەكانیان بین. هەمان یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال بین كە ئێستا بەسەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كاروانی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و هێنانەدی هەموو ئیستحقاقە دەستووری و نیشتمانییەكانی شەراكەتی راستەقینە، بەرەو پێشەوە دەبات. لە قۆناغێكی بوژاوەدا كە حیساب لەسەر قسە و هەڵوێست و بڕیاری یەكێتی دەكرێت، چونكە ئەوی دەیڵێت جێبەجێی دەكات
لە قۆناغێكدا لەسەر بنچینەی وەفاداری بۆ تێكۆشانی دێرین، خەباتی ئۆرگانییمان وا نوێ و تۆكمە دەبێتەوە كە دەرەقەتی ئەركەكانی داهاتووی كوردایەتی و دیموكراتی بێت.
جا لە كاتێكا گەلەكەمان و ئۆرگانە حزبییەكان بە پەرۆشەوە بۆنەكانی یادی یەكێتیی بەرز ڕادەگرن، ئەمرۆ حزبی شەهیدان وزە و ئیلهام لە گیانی پاكی شەهیدانی رزگاری و ئەزموونەكەمان و ویستی نەتەوەیی گەلەكەمان وەردەگرێ بۆ ئەوەی، بە هاوسەنگی حوكمڕانی و دادپەروەری كوردستانییەوە، هەم دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بكرێت و هەمیش تاقیكردنەكەمان، كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەمانە، لە هەڕەشە و گوڕەشەی نەیاران بپارێزرێت.
سەركەوێ خەباتی رەوای یەكێتی بۆ( ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) و سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی گەلەكەمان و یەكێتی و شۆڕشی نوێ
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
1/6/2026
|