چارەسەری سروشتی بۆ نەخۆشی قەبزی چییە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
قەبزی (بە عەرەبی: الٳمساك، بە ئینگلیزی: constipation) یەکێکه له نەخۆشییه باوەکانی جیهان، هەندێکجار حاڵەته و هەندێکجار دەبێته نەخۆشییەکی دریژخایەن، ژنان زیاتر له پیاوان تووشی ئەم حاڵەته دەبن ئەويش هۆکاری ئەوەیه ژنان پێکهاتەی لایەنی فیسیۆلۆجی و جەستەییان جیاوازترە، لایەنی سوزدارییان تاڕادەیەک زیاتره و زۆرتر تووشی خەمۆکی دەبن که هۆکارێکه بۆ تووشبوون به قەبزی، قەبزی بریتییە لە تەسكبوونەوەی ڕیخۆڵەکان و مانەوەی پاشەڕۆ له ڕيخۆڵه بۆ ماوەیەکی درێژ و زۆر.
هۆکاری تووشبوون بە قەبزی
کەمخواردنی ئەو خۆراکانەی ماددەی ڕیشاڵیان زیاتر تیدایه، یان کەمخواردنی سەوزە و میوە و شلەمەنییەکان.
خواردنی هەندێک دەرمان که دەبیتە هۆی دروستبوونی قەبزی، بە تایبەتی ئەو دەرمانانەی دەبنەهۆی دەردانی شلە ڕژێنەکانی لەش.
نەخوشی مایەسیری، ئەوانەی ئەو نەخۆشییەیان هەیه بە زۆری تووشی ئەم کێشەیە دەبن.
دەرنەهاویشتنی پاشەڕۆ لەکاتی خۆیدا و هیشتنەوەی له ڕيخۆلەكاندا بۆ ماوەیەکی زۆر هۆكارێكى ترى تووشبوون بەو نەخۆشییه.
چارەسەری سروشتی بۆ نەخۆشی قەبزی
خواردنی چای کەموون هۆکاره بۆ نەرمكردنەوەی ڕیخۆڵه و ڕەوانکردنی ڕیخۆڵه، ڕۆژانه کوپێک چای کەموون بخۆنەوه دەبیته هۆی چارەسەری قەبزی، کەوچکێک کەموون تیکەڵی کوپێک ئاوی گەرم بکەن و پاشان بیخۆنەوه.
گوڵە بەیبوون هەمیشه پێشەنگه له چارەسەری نەخوشییەکان و پێدانی تەندروستییەکی باش، خواردنەوەی کوپێک چای گوڵه بەیبوون قەبزی ناهێڵێت و ڕەوانی له ڕیخوڵەكان دروست دەکات.
خواردنی سەوزه، پێویسته ڕۆژانه سەوزه له هەموو ژەمە خواردنەكان هەبێت وەك گەڵای توور، كەرەوز، ڕەیحانە، نەعنا، مەعدەنووس، کەوەر، تەڕەتیزە، تەڕەپیاز، سڵق و سپێناخ.
خواردنی دۆشاوی توو چارەسەرێکی گرنگە بۆ نەخۆشی قەبزی و دەبێته هۆی پاراستنی ڕیخۆڵە له گرفتی قەبزی، ڕۆژانه پێش خواردنی ژەمەکان کەوچکیک دۆشاوی توو بخۆنەوه.
رۆژانه خواردنی چەند دەنکه کەتانێک کۆئەندامی هەرس چالاک دەکات و گەدە و ڕیخۆڵەکان پاک دەکاته و قەبزی لەناودەبات.
ئەوانەی زور تووشی ئەم گرفته دەبن پێویسته رۆژانه کوپێک ئاوی جۆ بخۆنەوه چونکه ئاوی جۆ یارمەتیدەریکی بەهیزه بۆ پاککردنەوەی ڕیخوڵەکان.
خواردنەوەی ئاو، پێویسته رۆژانه بڕی نۆ پەرداخ ئاو بخۆنەوه، ئەمەش یارمەتی ڕژینەکانی گەده و ڕیخوڵە ئەدات یارمەتی ئاسانکردنی پرۆسەی هەرسکردن دەدات.
خواردنی میوه وشکراوەکان سوودیکی زۆری دەبێت له پاراستنی ڕيخوڵه له قەبزی، وەک هەڵووژه و قەیسی و هەنجیر و مێوژ، ئەگەر بەیانیان میوەی وشككراوە بکەنه پەرداخیک ئاوەوه و دواتر بیخۆنەوه سوودی زور گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت له نەهیشتنی قەبزی.
محەمەد ئیدریس
|