عێراق رووبەڕووی کورتهێنانی گەورەی دارایی بووەتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
231 جار خوێنراوەتەوە
عیراق رووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە و راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش پێنج بژاردە بۆ چارەسەرکردنی دەخاتە ڕوو کە خۆی لە قەرزکردن و چاکسازی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەبینێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند: بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و داخستنی گەرووی هورمز، عیراق مانگانە ڕووبەڕووی کێشەیەکی دارایی گەورە دەبێتەوە کە دەگاتە 9.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
پەیوەست بە بژاردەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران روونی کردووەتەوە، کە گرنگترینیان بریتی یە لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییە بەکاربەرەکان ،هەروەها قەرزی دەرەکیش نەختینەی دۆلار دابین دەکات و سەقامگیری دراو دەپارێزێت.
زیادکردنی داهاتە ناونەوتییەکان، بژاردەیەکی دیکەیە، کە لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی زیاتری دەروازە سنوورییەکان و بەدیجیتاڵکردنی سیستمی باج و باشترکردنی سیستمی کۆکردنەوەی داهاتەکانەوە دەبێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ئاماژەی بەوەشکردووە: جێبەجێکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی دارایی حکومی (IFMIS) ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە بەهێزکردنی چاودێری دارایی، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی، و بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییە گشتییەکان، کە بژاردەیەکی دیکەی زیادکردنی داهاتە.
لە کۆتایشدا، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاندووە: چاکسازی لە کەرتی بانکیدا لەگەڵ کاراکردنی یاسای هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، هۆکارێکی دیکەی زیادکردنی داهاتن،چونکە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بوودجەی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ، بە مەرجێک ژینگەیەکی یاسایی جێگیر، گەرەنتی وەبەرهێنان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی فەراهەم بکرێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح دهشڵێت، "چاکسازی لە کەرتی بانکیدا، بەتایبەتی هەردو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، پێویستییەکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی تەمویلکردنی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵی و کریدیتییەکان، سەرەڕای گرنگیی چاکسازی لە بانکە تایبەتەکاندا بۆ بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی و پشتگیریکردنی پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان".
رونیشیكردهوه، "قەیرانی ئێستا تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ پێکهاتەی ئابوریی عێراق کە پشت بە نەوت دەبەستێت"، جەختیشی کردەوە کە "خێراکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابوری، توانای دەوڵەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شۆکە جیۆپۆلەتیکی و ئابورییەکان بەهێزتر دەکات".
دۆخی دارایی عێراق لە ماوەی ساڵی 2026دا قەیرانێکی توند و زیادبونی نیگەرانییەکانی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت و هەڵاوسانی خەرجییە گشتییەکان و گرژییە جیۆپۆلەتیکییە ناوچەییەکان کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ڕەوتی وەبەرهێنانەکان هەبوە.
|