نێچیرڤان بارزانی و عەباس عێراقچی پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و ئەو پرسانەیان تاوتوێ کردووە کە جێگەی بایەخی هەردوولان، لەوانە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران باسی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان و ئاسایشی سنوورەکانیان کردووە.
پێشهاتەکانی ناوچەکە و بایەخی وڵاتان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نێوخۆیی لە ناوچەکەدا لەو پێشهاتانە بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران بیروڕایان لەبارەی ئاڵوگۆڕ کردووە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییانە لە کاتێکدان، هەوڵێکی چڕی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت و ببێتەهۆی هەبوونی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
|