ئەمریکا رێگرە لە پێدانی پۆست بە حزبەکەی خەزعەلی

1     کاتژمێر پێش ئێستا  108 جار خوێنراوەتەوە

بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە باڵی سیاسیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان هیچ پۆست و وەزارەتێک لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق وەرناگرێت و لایەنە سیاسییەکانیش هەوڵ دەدەن دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بدۆزنەوە.

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی راگەیاند، بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە بزووتنەوەی "سادیقوون"ـی سەر بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی "عەسائیب ئەهلولحەق" هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرن و ئەگەری زۆرە لەم کابینەیە بەتەواوی بێبەش بکرێن.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەمریکا بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتووە نابێت گرووپە چەکدارەکان و باڵە سیاسییەکانیان بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن.

ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و دەیانەوێت دەرچەیەک بۆ ئەم ڤیتۆیە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دوای پەسندکردنی ناوی وەزیرەکان پۆستیان پێ بدرێت. لە بەرانبەردا سەرکردایەتیی عەسائیب و خەزعەلی تێگەیشتنیان بۆ بڕیارەکە دەربڕیوە.

بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هەماهەنگی. لە سەرەتای ساڵی 2020 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و لایەنەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە و چەندین سزای بەسەریاندا سەپاند.

بزووتنەوەی سادیقوون باڵی سیاسیی ئەم گرووپە چەکدارەیە و لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی چەندین کورسی بووە و بەشدار بووە لە حکوومەت. ئەمریکا بەردەوام هۆشداری داوەتە سەرکردەکانی عێراق لە پێدانی پێگە و دەسەڵاتی حکوومی بەو لایەنانەی تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا و ئاستەنگ دروست دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە