عەجاج بە لە سێدارەدان سزا درا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  91 جار خوێنراوەتەوە

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوانی کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان، سزای لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تکریتی دەرکرد.
 
"دادگا  بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ  عەجاج دەرکرد، یەکسەر لەگەڵ بڕیارەکە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەنێو هۆڵەکە بە هەلهەلە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی  و سوپاسی دادگایان کرد"
 
دادوەر وتویەتی لەماوەی دە رۆژدا دەتوانرێت دۆسیەکەی بۆ دادگەی تەمییز بنێردرێت، دواتر بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەدرێت.
 
"عەجاج لە کاتی دادگاییکردنە هەوڵی دەدا تاوانەکان رەتبکاتەوە، جارێک دەیگوت من کەیسی نوگرەسەلمانم بە دەستەوە نەبووە، جارێک دەیگوت من لە سەماوە نەبوومە، لەهەمان کاتدا هەندێک کەیس هەبوون کە باسی دەکرد دەیسەلماند کە لەوێ بووە."
 
عەجاج لەبەردەم دادوەر هێندە پێداگربووە و حاشای لە قسەکان و تاوانەکانی دەکرد، دادوەر یەکسەر وتی ئەو شاشەیەی نێو هۆڵەکە داگیرسێنن و ڤیدیۆی عەجاجی خستە سەر، کە عەجاج خۆی لە نێو نوگرە سەلمان لەگەڵ تیمی بەڵگەی تاوانەکانی دادگا بۆ سەلماندنی بەڵگەکان چوونە عەجاج بۆیان روون دەکاتەوە ".
 
یەکێک لە ئامادەبووانی دادگاییەکە دەڵێت: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، بۆ کوسوکاری ئەنفالکراوان و کورد، خۆشبەختانە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ جەلادەکەی نوگرەسەلمان دەرچوو"
 
یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان رایگەیاند : "ئەمڕۆ عەجاج ئەو سزایەی وەرگرت، کە ئێمە وەک کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تێکڕا چاوەڕێمان دەکرد."
 
پارێزەر دیلمان، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان بەمیدیاکانی وت: "سوپاس بۆ خوا توانیمان ئەمڕۆ دەستکەوێک پێشکێش بە ئەنفالکراوان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکەین، دادگایییکردنەکە زۆر دوور و درێژبوو، عەجاج دانی بە هیچ شتێکدا نەدەنا، دەیوت من ئەو تاوانەم نەکردووە، بەڵام تاوانەکەی ئەوەندە قێزەون بوو بۆ هەموو لایەک روون بوو"
 
لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا، نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال ئامادە بوون و پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگە کرد.
 
عەجاج تکریتی، کە لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لەو ناوانەی لە مێژووی ئەنفالدا بە "دڕندەیی" بەرامبەر بە کوردانی زیندانیکراو لە قەڵای نوگرە سەلمان ناوی دەهێنرێت. 
 
پێشتر لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەر سوێندی یاساییان خوارد و وردەکاریی ئەو تاوانانەیان گێڕایەوە، کە عەجاج لە نوگرە سەلمان بەرامبەریان کردبووی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە