نێچیرڤان بارزانی: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست بەڕێوەناچێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو پێویست نییە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 30ـەمین ئاهەنگی خولی پێگەیاندن لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ وتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گەورەیی پێشمەرگایەتیی دا و وتی، "پێشمەرگایەتی و پێشمەرگە بوون ئەرکێکی پیرۆزە و تاوەکو کورد بمێنێت، پێشمەرگە سیمبولی بەرگریکردن دەبێت".
لەبارەی پێکهێنای حکومەتی عێراق و کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "پشتیوانی لە کابینەی بەرێز عەلی زەیدی دەکەین".
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "دەبێت کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".
ئاماژەی بەوەیش دا، "دەبێت لە حکومەتی داهاتووی عێراق، هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێن".
"یەکخستنەوەی پێشمەرگە وەکو پێویست نییە"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیش، باسی لەوە کرد، "یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو پێویست بەڕێوەناچێت".
بارزانی راشیگەیاند، :یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستییەکی چارەنووسسازە و دەبێت سەربکەوێت".
"پێشمەرگە مەترسی نییە و پارێزەری وڵاتە"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەرکەکانی سەر شانی عێراق لە بەرامبەر پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و دەبێت عێراق هەموو ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرامبەر پێشمەرگە بەجێبهێنێت و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین بکات".
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، "پێشمەرگە مەترسی نییە و پارێزەری وڵاتە، لە شەڕی داعشدا بە روونی ئەوەی سەلماند کە پارێزەری وڵاتە".
|