شایەتحاڵێکی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە قسەکانی پەشیمان بووەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
168 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ دادگاییکردنی 12 کەس لە گیرکراوانی دۆسیەی "لالەزار" لە سلێمانی بەڕێوەچوو؛ پارێزەرێکی گیراوان دەڵێت، شایەتحاڵێک لە بەردەم دادوەردا دانی بەوەدا ناوە، کە "لەژێر ئەشکەنجەدا" لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبار کردووە و ئێستا هەموو قسەکانی رەتکردووەتەوە.
دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار بەڕێوەچوو، کە بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن. لە دانیشتنەکەدا وتەی دوو لە تۆمەتباران خوێندرایەوە و شایەتێکیش ئامادەبوو."
لەبارەی وتەی شایەتەکە، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، ئەو کەسە پێشتر پاسەوانی رێبواری حەمەی حاجی غالی بووە، لەبەردەم دادگادا وتوویەتی: "پێشتر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووم قسە بکەم و بڵێم کە هەندێک شتم بە لاهوور شێخ جەنگی داوە، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگادا وتی ئەو قسانەی تەنیا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا کردووە و هیچ شتێکی بە ئەوان نەداوە و شتی بۆ نەگواستوونەتەوە."
دانا تەقیەدین باسی لەوەش کرد، بەهۆی زۆریی ژمارەی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینی تێیاندا، دادگا بڕیاری دا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
کێشەی یاسایی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاتژمێری و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی. ئەو هێرشە دوای ئەوە هات کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردەوە خۆی رادەست بکات. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەک لە پاسەوان و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
رۆژی 12-01-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی.
|