بابولمەندەب؛ پریشکی تەقینەوەی نرخی نەوت، ئایا دەگاتە 200 دۆلار؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  180 جار خوێنراوەتەوە

باس و خواستی “گەرووی بابولمەندەب ” تەنیا بابەتێکی جوگرافیی نییە، بەڵکو بووەتە سەنتەری هاوکێشە داراییەکان و ترسی گەورەی بازاڕە جیهانییەکان.

ئەم گەرووە کە نزیکەی ٪١٠ی بازرگانیی جیهانی و ڕۆژانە ٨.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا وەک “بۆمبێکی کات بۆداڕێژراو” دەبینرێت کە دەتوانێت هەڵاوسانێکی بێپێشینە لە ئاسیاوە تا ناو جەرگەی ئەوروپا دروست بکات.

سیناریۆی “داخرانی دەبڵ” هورمز و بابولمەندەب

بۆ تێگەیشتن لە مەترسییەکە، نابێت بابولمەندەب لە گەرووی هورمز جیا بکرێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA)، ئەم دوو خاڵە بەیەکەوە “خوێنبەری سەرەکی” وزەی جیهانن.

شارەزایانی بانکی “ماکواری گرووپ” هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئاڵۆزییەکانی ئێران تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردوام بن و هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، نرخی نەوت دەگاتە ٢٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

بۆچی بابولمەندەب هێندە مەترسیدارە؟

بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە: گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بەرەو (رأس الرجاء الصالح) لە باشووری ئەفریقا، ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ ماوەی گەشتەکان درێژ دەکاتەوە و تێچووی سووتەمەنی و کارپێکردن بە ڕێژەی ٪٤٠ زیاد دەکات.

گرانبوونی بیمە- دڵنیایی: بەهۆی مەترسییە سەربازییەکان، تێچووی بیمەی کەشتییەکان لەم ناوچەیەدا ٢٠ هێندە زیادیکردووە.

کاریگەری لەسەر قەناوەتی سوێس: بابولمەندەب تاقە دەروازەی باشووری قەناتی سوێسە؛ هەر گرفتێک لەوێ واتا پەککەوتنی داهاتی میسر و دروستبوونی قەیرانی لۆجستی لە دەریای ناوەڕاستدا.

کاریگەرییەکان لەسەر زنجیرەی دابینکردن: شارەزای ئابووری، عەلی حەموودی، دەڵێت: “داخستنی گەرووکە گورزێکی دووسەرەیە؛ هەم بۆ کەرتی وزە و هەم بۆ بازرگانیی کەلوپەلەکان”، ئەمە دەبێتە هۆی:

کەمبوونەوەی کاڵا ئەلیکترۆنییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکاندا.

بەرزبوونەوەی توندی ڕێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا، ئەوروپا و ئەمریکا.

سستبوونی گەشەی ئابووریی جیهانی بەهۆی دواکەوتنی گەیشتنی کەرەستە خاوەکان بۆ کارگەکان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە