ئاسایشی کەنداو، لە سێبەری شەڕی ئێستادا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ، دەریای کەنداو شوێنی تێڕوانینی ستراتیژی ئێران و هێزە گەورەکانی جیهان بووە. بۆیە رەنگە بتوانین بڵێین یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە هەزاران ساڵە ئارامیی بەخۆوە نەدیوە و بە هاتنەکایەی فاکتەرو کاراکتەری نوێوە ئەم ناوچەیە (زەوییەکانی هەردوو بەرەی دەریایە) گەرمترین بارودۆخیان بەخۆوە دیووە.
ئەم ناوە لە کوێوە هات؟
بۆ یەکەمجار یۆنانییەکان ناوی کەنداوی پارس-یان بۆ ئەم ناوچە ئاوییە بەکارهێناوە. دواتر لەسەدەی (نزیکەی دەیەمی زایینی) بۆ یەکەمجار مەسعودی، مێژوونووس و جوگرافیناسی عەرەب و بەغدادی، بەهۆی دراوسێیەتی عەرەب لەگەڵ فارس لەوبەری ئەم کەنداوەوە و بەزمانی عەرەبەکانەوە کە وتوویانە خەڵکی فارس لەوبەری هەن، واتە لای عەرەبەکان سنور لەگەڵ فارس بووە و لەچەند قۆناغێکیشدا کە دەوڵەتی فارس باڵادەستی دەریاکە بووە، سوودی لە نازناوی کەنداوی فارس وەرگرتووەو دواتر بەم ناوەوە، ناوی (کەنداوی فارس) لەخۆراوا جێگیر ئەبێت، دوای ئەوەی پورتوگالییەکان لەسەدەی شانزەیەم بەم ناوە لەخۆراوا ناساندیان.
لەڕوانگەی ئێرانییەکانەوە ئەم دەستەواژەیە پڕە لە هەستی خۆ بەگەورە زانین. وەک میراتێکی هەخامەنشینی ئەبینن، چونکە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەد ساڵ پێش زایین کاتێک کە لە بەرامبەر سنوورەکانیان شارستانێتی دیکە نەبووە. هەر ئەمەشە ئەو لوتبەرزییەی بە ئێرانییەکان بەخشیووە. لەبەرامبەردا عەرەب کە ئەوبەری ئاوەکانی خۆیان بە وڵاتی فارس بیستووە و ناو بردووە پاڵپشتییەکی زیاتر بووە بۆ ناسینی ئەم دەریایە بە کەنداوی فارس. هەرچەند هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە کە ئێرانییەکان دەریاوان و مەلەوانی باش بوویێتن، بەڵام بەڵگە لەسەر ئەوە هەیە کە عەرەبەکانی کەنداو رێگر و چەتەی دەریایی ناوچەکە بوون و ئەمەش وایکردووە کە گرفتی ناونانی ئەم کەنداوە تا ئێستاش گرفتی لەسەربێت و یەکلا نەبووبێتەوە، تەنانەت لە ئەدەبیاتی نوێی ئێرانیدا مەسەلەی دەریاو دەریاوانی و فەرهەنگی لە کەنار دەریانشینیدا نوێیە، چونکە لە ئەدەبیاتی کۆنی ئێراندا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ بابەتێکی وا. ئەگەر سنووری دەریایی ئێران لەگەڵ ئەم دەریایەش تەماشا بکەی ئەبینی بەشی زۆری سنوورەکە شاخاوییە لەگەڵ دەریاکە، واتە کەمتر کەناری دەشتایی هەیەو سنووری ئێران ٢٤٤٠ کیلۆمەتری شاخاوییە، لە کاتێکا سنووری عەرەبنشین ٣٤٨٠ کیلۆمەتری دەشتاییە.
ئاسایشی کەنداو
سەرەڕای بوونی ئیمپراتۆرێتی ئێرانی بەدرێژایی هەزاران ساڵ و تەنانەت دەسەڵاتدارانی سۆمەری و بابلی و ئاشوورییەکان و تارادەیەکیش یۆنانییەکان لەم ناوچەیەدا، بەڵام هیچ کات ئەم دەریایە جێگەی سەرنج نەبووە، تا دەگەینە سەدەی شانزەیەمی میلادی. ئەوکاتەیکە میرنشین و دەسەڵاتدارانی کەنارەکانی ئەم ناوچەیە زیاتر داهاتیان لەسەر ئەو باج و خەراجانە بووە کە لە کەشتییە بازرگانییەکان وەرگیراوە، لەو کاتەوەی دیاردەی چەتەی دەریاییەکان سەریهەڵداو بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەسەدەی چواردەیەمی زاینییەوە دیاردەی چەتەی دەریایی لەم دەریایەدا بەشێوەیەکی فراوان سەری هەڵداوە. بەجۆرێک لەسەدەی نۆزدەیەم تەنها هێزێک کە رکابەری لەگەڵ هێزی دەریایی بەریتانیا ئەکرد ئەم چەتە دەریاییانە بوون بە هێزێکی ١٩ هەزار کەسی و ٦٠ پاپۆڕو ٨٠٠ بەلەمەوە.. واتە ئەم دەریایە هیچ کات ئارامیی نەبووەو سەرەڕای گرنگییە جیۆسیاسییەکەی هیچ کات لەلایەن هێزی ناوچەکەوە کۆنترۆڵ نەکراوە. پورتوگالییەکان لە سەرەتای دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە هاتنە ئەم ناوچەیە و نزیکەی سەدەیەک مانەوەو بارەگای سەرەکی دەریاییان لە دورگەی قیشم و بەسرەو بەحرەین هەبووە. ساڵی ١٦٢٢ شا عەباسی سەفەوی بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەریتانییەکان توانی کۆتایی بە داگیرکاری پورتوگالییەکان هێنا، بەڵام نەیتوانی لەبەرامبەر چاوتێبڕینی دەرەکی بیپارێزێ، بۆیە ئەمجارە هۆڵەندییەکان هاتن و ماوەی سەدەیەک تێیدا مانەوە، بەڵام چاوی بەریتانییەکان بۆ ئەم دەریایە کرایەوە.. ساڵی ١٧٢٧ نادرشای گەورە(ئەفشاری) توانی دەریایە لەدەستی هۆڵەندییەکان دەربێت و سنووری دەسەڵاتەکەی بگەیەنێتە بەشێک لە دوورگەی عەرەبی. ئەم بارودۆخە بۆ خاوەندارێتی لەلایەن ئێرانییەکانەوە تا کوژرانی نادرشای ئەفشاری لە ساڵی ١٧٤٧ درێژەی کێشا. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەبیری ستراتیژی سیاسی و سەربازی ئێراندا هەمیشە وەک کارتێکی بەهێز تەماشای ئەم دەریایە کراوە، تەنانەت ئەفسانەیەکی داتاشراو بۆ ناوی هورمز و تەنگەکەی هەیە، کە گوایە شارێک هەبووە لەوێدا ناوی ئەهورامەزدا بووەو دواتر بووە بە هوراز و ئەنجا هورمز.. تەنانەت لە ساڵی ١٩٧١ کە ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی کەنداو و بەریتانیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم دەریایە کۆتایی دێت، راستەوخۆ محەمەد رەزا شای پەهلەوی لەگەڵ ئەمریکا دەست گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی جێگەی بەریتانیا بگرێتەوە (رەنگە ئەمەش یەکێک بووبێت لە فاکتەری بەدگومانی ئەمریکا لە شای ئێران، چونکە بووەهۆی ناڕەزایەتی سعودیە بەتایبەت و وڵاتانی کەنداو).
دوای ئێرانی ئێستا
رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیان بۆسەر دەوڵەتی ئێران دەست پێکرد. ئەنجامی شەڕەکە هەرچی بێت، ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ئێرانی ٤٧ ساڵی رابردوو کۆتایی هات و ئیتر ئەو ئێرانە نابێت کە پێشتر هەبوو. مەبەست لە رژێمە سیاسییەکەی نییە، ئەوەندەی مەبەست لە رەفتاری رژێمەکەیە. ئەوەی لەم شەڕەدا زیاتر لە بابەتەکانیتر (بۆ داهاتوو) زەق بووەوە چەند خاڵێک بوون:
١- بوو پێیەی وڵاتانی کەنداو ئامانجی سەرەتاوە یەکەمینی هێرشە سەربازییەکانی ئێران بوون، لەدوای ئەم شەڕە جۆرێک لە هاوپەیمانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ میسر و ئیسرائیل دێتەکایەوە بۆ پاراستنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە ئیتر وڵاتانی کەنداو دەست لە پشتیوانی بیرە ئیسلامییە توندڕەوەکانیش بێتن. لەسەرەوەی ئەم هەڕەمەش بێگومان ئەمریکا ئەبێت. لەمەودوا ئاسایشی کەنداو دەدرێتە دەست ئیسرائیل و عەرەب، لەژێرچاودێری ئەمریکا، بێگومان بە باڵادەستی ئیسرائیل.
٢- بۆ ئەم سەدەیە ئاسایشی کەنداو کە لەژێردەستی ئەمریکا ئەبێت، دابینکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی دوور و بەشێک لە ئەوروپاو ئەفریقیا لە خواستی ئەمریکا ئەبێت.
٣- ئەتوانرێ بوترێت ئەم شەڕە قوفڵی شەڕی گەرمی ناوچەکەیە بۆ چەندین دەیە، هەروەک چۆن چەندین ساڵە ئامادەکاری بۆ دەکرێت لەلایەن هەردوو لاوە. بەکۆتایهاتنی ستراکتۆری سیاسی و سەربازی ئەم ناوچەیە گۆڕانی بەسەردا دێت.
٤- پێدەچێ نەخشەی گواستنەوەی وزە گۆڕانی بنەڕەتی و سەرنجڕاکێشی بەسەردا بێت، لە کەنداوەوە تەنها پشت بە رێگەی ئاویی نەبەسترێ و رێگەی نوێ بۆ گواستنەوەکان بێنەئاراوە و ئیسرائیل سوودمەندی یەکەم بێت لەم بابەتەدا.
فەلاح کەریم رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی و شارەزای کاروباری ئێران
|