ئەمریکا هێز رەوانەی بنکەی قەسرەک لە حەسەکە دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  34 جار خوێنراوەتەوە

رۆژی چوارشەممە کاروانێکی سەربازی ئەمریکی کە پێکهاتبوون لە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەلی سەربازی، لە نێویاندا سیستمی بەرگری ئاسمانی، لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی قەسرەک لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
 
لە مانگی یەکدا، هێزەکانی ئەمریکا بەشێک لە کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە بنکەی قەسرەک گواستەوە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە دەنگۆی ئەوە هەبوو واشنتن تاوتوێی ئەوە دەکات لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی بە بوونی سەربازی خۆی لە سووریا بهێنێت.
 
بنکەی قەسرەک دەکەوێتە نێوان تل تەمەر و تل بیدەر لە باشووری رێگەی ئێم فۆر لە پارێزگای حەسەکە. 
 
بنکەی قەسرەک بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین بنکە لۆجیستییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمریکا دادەنرێت. ئەم بنکەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایە، خاوەنی کۆگای گەورەی سەربازی و فڕگەی تایبەت بە فڕۆکەکانی گواستنەوەی سەربازییە.
 
بنکەکە وەک هێڵی پێشەوەی بەرگری و چاودێریی ئەمریکا کاردەکات و ئەرکی سەرەکیی پاراستنی رێگا لۆجیستییەکانە لە دەروازەی سنووریی "وەلید" لەگەڵ عێراق.
 
لە سەرەتای ئەمساڵدا، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی "ئەلتەنەف" و "شەددادی" کشانەوە و رادەستی ئەو هێزانەیان کردن کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی راگوزەری سووریان، ئەوەش دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە جێگیربوونی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
 
گەیشتنی ئەم کاروانە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە گرژییەکی زۆردایە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە