لە یەک ساڵدا بڕی 1575 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا دەستی بەسەردا گیراوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
ئەرکان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی لە ساڵی 2025 خستەڕوو.
ئەرکان بیبانی رایگەیاند، "لە ساڵی 2025دا و لە چوارچێوەی چالاکییە هاوبەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سلێمانی، توانراوە 13 بازرگانی گەورەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر بکرێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەو چالاکییانەدا، دەست بەسەر بڕی 1575 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن)دا گیراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "لیژنەی عەمبارکردن و لەناوبردنی مادە هۆشبەرەکان، بڕی 1356 کیلۆ و 758 گرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆریان سووتاندووە و لەناویان بردووە، ئەم بڕە مادەیە پەیوەست بووە بە 1297 دۆسیە کە لە دادگاکان یەکلا کراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە، هەروەها 601 تۆمەتبار دوای تەواوکردنی ماوەی سزای یاساییان، ئازاد کراون".
ئەرکان بیبانی وتی، "بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان بەڕێوەبەرایەتییەکە 147 کۆڕ، سیمینار و چاوپێکەوتنی میدیایی ئەنجام داوە، هاوکات 235 پۆستەر و 8000 نامیلکەی لە دامەزراوەکان بڵاو کردووەتەوە".
لە ڕووی چاودێرییەوە، لە ساڵی 2023 تا 2025 لە پارێزگای هەولێر، بەڵێننامەی پابەندبوون لەم شوێنانە وەرگیراوە:
-765 دەرمانخانە و 703 نۆڕینگەی پزیشکی.
-160 کۆمپانیای هێنانی دەرمان و 51 کۆگای دەرمان.
-112 کۆمپانیا و نووسینگەی گواستنەوە.
هەروەها لە هەولێر و دهۆک پشکنین بۆ 98 کافتریا و رێستۆرانت و 23 دەرمانخانە کراوە.
|