دوای کشانەوەی سودانی، نوری مالیکی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
4 کاتژمێر پێش ئێستا
359 جار خوێنراوەتەوە
گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نوری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران دەستنیشان بکەن، دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەستبەرداری پۆستەکە بوو بۆ بەرژەوەندیی نەیارە مێژووییەکەی.
فیراس مەسلەماوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە میدیاکانی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کشایەوە و بڕیارەکە بە کۆی دەنگی هاوپەیمانییەکەمان دراوە."
بە وتەی فیراس مەسلەماوی، "کشانەوەکەی سوودانی بۆ کردنەوەی گرێکوێرە و چەقبەستوویی سیاسیی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو."
چوارچێوەی هەماهەنگی کە چەتری سیاسیی کۆکەرەوەی هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانە لە عێراق، بەردەوامیی گفتوگۆکانی لەسەر دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند.
چوارچێوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: “کۆبوونەوەی خولیی ژمارە (٢٥٨)ی خۆی لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی ئەنجامداوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد “کۆبوونەوەکە کەشێکی ئەرێنی و گفتوگۆی بەرپرسانەی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی پێشهاتی گرنگ و نیشاندەری پێشکەوتوو، بەو شێوەیەی کە لەگەڵ داواکارییەکانی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندیی باڵای وڵاتدا دەگونجێت”.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران لە عێراق لەنێوان مالیکی و سودانیدا قەتیس بووبوو، و چاودێران پێیان وایە لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە هەنووکەییەی عێراق و ناوچەکە پیا تێدەپەڕێت، سەرکردەکانی چوارچێوەکە ڕەنگە کاندیدکردنی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بە باشتر بزانن، ئاماژە بەوەش دەکەن کە لێدوانەکانی مالیکی گریمانەی وەرگرتنی پۆستەکە بەهێزتر دەکەن، ئەوەش شتێک بوو کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بەدوور دەزانرا.
گرووپە چەکدارە شیعەکان ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە دەبنەوە لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، و سەرۆک وەزیرانێکیان پێ باشترە کە لە بەرەی خۆیان بێت وەک مالیکی.
مالیکی لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامیدا، وتی؛ چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاوی “گرنگ”ی بڕیوە لە یەکلاکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا.
چاودێران پێیان وایە هەلی دەستبەرداربوونی سودانی بۆ مالیکی بەهێزە بەهۆی چەندین هۆکار، لەپێش هەموویانەوە ئەوەیە کە گرووپە چەکدارە شیعەکان ڕووبەڕووی فشاری گەورە دەبنەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، و پێویستیان بە سەرۆک حکومەتێکە کە پشتیوانیان بێت، وەک مالیکی، نەک کاندیدێک کە دوودڵی زاڵ بێت بەسەریدا وەک سودانی.
گرووپەکان دەزانن کە مانۆڕکردن لەم دۆسیەیەدا ڕەنگە بەرەو دەرئەنجامی مەترسیداریان ببات کە نەتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نایانەوێت چەک ڕادەست بکەن لە سایەی سەرۆک وەزیرانێکدا کە “متمانەیان پێی نییە”.
لەم چوارچێوەیەدا ڕەنگە بژاردەی مالیکی بۆ ئەوان گونجاوتر بێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو هەلومەرجەی عێراق و ناوچەکە تیایدا دەژین، وا دەکات حکومەتی چاوەڕوانکراو ببێتە “حکومەتی قەیرانەکان”، بۆیە دەستبەرداربوونی سودانی لە سەرۆکایەتیی وەزیران لەم کاتەدا ڕەنگە دواتر خزمەت بە پڕۆژە سیاسییەکەی بکات.
لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی خۆیان وەک “گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی” بناسێنن کە شایستەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووە، ئەوەش دوای سەرکەوتنیان لە بەدەستهێنانی زیاتر لە ١٧٥ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران، لە هەڵبژاردنەکانی کۆتاییدا.
پێشتریش نوری مالیکی لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٤ سەرۆکایەتیی حکومەتی کردووە، کە بەپێی زۆرێک لە لایەن و کەسایەتییە عێراقییەکان، ئەنجامەکەی بە کارەساتبار وەسف دەکرێت.
خولی دووەمی مالیکی لە سەرۆکایەتیی حکومەت بە داگیرکردنی شاری موسڵ و بەشێکی بەرفراوانی خاکی عێراق لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە کۆتایی هات، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخی هەرەسەی کە هێزە ئەمنییەکان تێی کەوتبوون بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە دەزگاکانیدا، هاوشێوەی ئەوەی لە دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەتدا لە سەردەمی حوکمڕانیی سەرۆکی حیزبی دەعوەدا ڕوویدا.
بەپێی سیستەمی پشکپشکێنە کە لەنێوان هێزە سیاسییە باڵادەستەکانی وڵاتدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە پەیڕەو دەکرێت، باو وایە سەرۆک وەزیرانی عێراق شیعە، سەرۆک کۆمار کورد و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سوننە بێت.
|