پارتی: گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبووڵکراو نییە و هێڵی سوورە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  8 جار خوێنراوەتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەستوەردان لە ئاکامی هەڵبژاردن، بە تایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.. بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و بەهێڵی سووری دادەنێین." 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لە "هەواڵێک" دەکەن کە هەوڵی "دەستوەردان و گۆڕین"ـی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسی و شەفافانە ئەنجامدرا، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و رێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاند."
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
راگەیێندراوێک لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
 
هاووڵاتییانی بەڕێز...
 
هەروەكو ئاگادارن پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە رێكەوتی (11ـی11ـی 2025) لە كەش و هەوایەكی دیموكراسییانە و ئازادانە و بە رێكوپێكی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و رێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاند. 
 
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنین، کە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە راگەیێندراوەکان لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، هەڵوێستی سیاسی جیدیمان دەبێت.
 
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
18ـی 11ـی 2025


   ئەمانەش بخوێنەرەوە