تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

2025-10-06  86 جار خوێنراوەتەوە

ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگی دیكه‌ و تا 6ی كانونی دووه‌می ساڵی 2026 درێژكرایه‌وه‌.

دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە ٧ڕۆژی راگەیاند: "تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردووەتەوە و بڕیاری درێژكردنه‌وه‌كەش‌ لە ئاگاداری نامەیەکدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی تورکیاوه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌

دوایین جار لە 6ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی جووڵەی ئاسمانیی تورکیا ئاگانامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا قەدەغەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن بۆ 3 مانگی دیکە و تاوەکو 6ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ درێژکردەوە.
 دانا محەممەد وتیشی: "ئەمجارە راگرتنی گەشتەکان تاوەکو 6ـی کانوونی دووەمی 2026 درێژکراوەتەوە."
 
ئەوەش لەکاتێکدایە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێ بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی."
 
بەپێی زانیارییەکان، هەندێک رێکار و پرۆسە بۆ گۆڕینی ناوەکە ماون و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێ.
 
یەکەمجار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت. 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە