ریال مەدرید لای فیفا سکاڵا تۆمار دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  19 جار خوێنراوەتەوە

یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) سکاڵای فەرمی لەسەر دۆخی ناوبژیوانانی لالیگا تۆمار بکات.
 
یانەکە لە دوایین یاریی خۆیدا بەرامبەر ریال سۆسێداد دووچاری تەنگژەی زۆر بووەوە، پاشئەوەی لە خولەکی 32دا دین هاوسنی بەرگریکەری یانەکە بەکارتی سووری راستەوخۆ لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
 
ئەگەرچی یاریزانان و را‌هێنەری ریال مەدرید ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری خیل مانزانۆی ناوبژیوان پێشاندا، بەڵام ئەو بەبێ گەڕانەوە بۆ ڤار، بڕیاری کارتە سوورەکەی جێبەجێکرد.
 
بیانووی یاریزانانی ریال مەدرید ئەوەبوو کە، لە گرتەی دەرکردنەکەدا، ئیدێر میلیاو لەسەر هەمان هێڵ بوو و دین هاوسن دوایین بەرگریکار نەبوو تاوەکو شایستەی کارتی سوور بێت.
 
تەلەڤیزیۆنی ریال مەدرید رایگەیاندووە، دوای یارییەکە، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە، راپۆرتێک لەبارەی رووداوەکانی وەرزی رابردووی ناوبژیوانان لەلالیگا ئامادە بکات و وردەکاریی رووداوەکانی ئەم وەرزەشی تێدابێت، بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ فیفا.
 
ئەگەرچی وردەکاری و ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی ریال مەدرید ئاشکرانەکراوە، ئەوەش روون نەکراوەتەوە کە یانەکە چۆن و بەچ شێوازێک سکاڵاکەی تۆمار دەکات، بەڵام ریال مەدرید لە وەرزی رابردووەوە بەردەوام کێشەی لەگەڵ ناوبژیوانانی لالیگا هەیە.
 
ریال مەدرید یارییەکەی ریال سۆسێدادی بردەوە، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە دەڵێن، تیپەکە لە هەموو یارییەکی لالیگادا ناچارە لەپاڵ هەوڵدان بۆ بردنەوە لە تیپی بەرامبەر، بەسەر ناوبژیوانانیشدا سەربکەوێت، کە بەردەوام دژایەتیی دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە