ڕاگرتنی غازی نێوان تاران و بەغدا كاریگەریی لەسەر عێراق چی دەبێت؟
2025-03-02
415 جار خوێنراوەتەوە
فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق وردە وردە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت بە شێوەیەک هێشتا وەرزی زستان تەواو نەبووە کەچی بێ کارەبایی هاوین و گەرماکەی دەسەڵاتدارانی نیگەران کردووە ئەوەش بەهۆی ڕێگرییەکانی ئەمریکا لە هێنانی غازی ئێران.
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق لەوباریەوە ڕایگەیاند، گرێبەستی نێوان بەغدا و تاران بۆ هاوردەكردنی غاز ئەم مانگە كۆتایی دێت، ئەمریكاش ڕێگری لە نوێكردنەوە گرێبەستەكە دەكات، ئەمەش كاریگەری لە سە بەغدا دەبێت.
عەلی لامی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ڕاگرتنی نوێكردنەوەی گرێبەستی هاوردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە چەند ئاراستەیەكەوە فشاری ڕاستەقینەی ئەمریكا لەسەر ئێران هەیە، بەتایبەتی لە بواری وزە، دەشڵێت: عێراق ڕاستەوخۆ پشت بە هاوردەكردنی غاز لە تارانەوە دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی بەشێكی زۆر لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئاماژەی بەوەشكرد، گرێبەستی ئێستای نێوان بەغدا و تاران بۆ هاوردەكردنی غاز لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا كۆتایی دێت، ئەگەر واشنتۆن بەردەوام بێت لە فشارەكانی و ڕێگری لە بەردەوامبوونی نوێكردنەوەی ئەم گرێبەستە بكات، ئەوا ڕووبەڕووی كێشەیەكی گەورە دەبینەوە، بەتایبەتی كە ئەو غازەی لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت بەشی كارپێكردنی وێستگەكان ناكات.
وتیشی: پێشنیاری هاوردەكردنی غاز لە وڵاتانی دیكە بۆ عێراق گونجاو نییە، چونكە پێویستیان بە كاتێكی زۆر هەیە، جا بەتایبەتی لە ڕێگەی هاوردەكردنی غاز لە توركمانستانەوە، كە پێویستی بە دامەزراندنی هێڵ و ڕێكارە تەكنیكییەكان هەیە، یان لە ڕێگەی كەنداوی عەرەبیەوە، كە هاوكات پێویستی بە وێستگەی تایبەتمەند هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ غازی شل.
جەختیشی كردەوە، حكوومەت لە ئێستادا لە ڕێگەی لێكتێگەیشتنەكانیەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیەك بۆ درێژكردنەوەی هاوردەكردنی غاز لە ئێران و دوورخستنەوەی لە سزاكان دەكات، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاوین، كە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و ڕێژەی بەكاربردن دەگاتە لوتكە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم كە حكومەتی سوودانی وەك ئەوەی پێشتر بتوانێت هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە بەردەوام بكات، تا تەواوبوونی پڕۆژەی ناوخۆی كێڵگە غازییەكان، كە لەلایەن حكومەتەوە ڕاگەیەندراوە، بەو هیوایەی كە ئەم پڕۆژانە لە ماوەی دوو یان سێ ساڵدا سەركەوتوو بن لە گەیشتن بە بەرهەمهێنان، كە دڵنیای دەدات عێراق بگاتە قۆناغی خۆبژێوی.
پێشتر، لە كۆتا پەیوەندی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی دوا هۆشداری بە عێراق دابوو، بۆ ڕاگرتنی هاوردەكرنی غاز لە ئێرانەوە و ماڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتە.
هاوکات لە دوو ڕۆژی ڕابردوو نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، چەند مەترسییەک و فشارێکی جدی سەر عێراقی ئاشکرا کرد و وتی ڕەنگە هاوشیوەی سوریا خۆپیشاندانەکان شارەکانی عیراق بگرێتەوەو نرخی دۆلار بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە چونکە بڕیارە پیدانی دۆلاری نەقدی بەعێراق بۆ نیوە کەمتر بکرێتەوە.
٧ڕۆژ - تایبەت
|