بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە پڕۆژەی 'هەژماری من' دوورخرایەوە
19 کاتژمێر پێش ئێستا
108 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار، لە پڕۆژەی (هەژماری من) دوورخراوەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە، 8ی ئەیلوولی 2025 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری روونیکردووەتەوە، ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا لە بانکی IDB تۆمارکراون، لەڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانیان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.
پڕۆژەی (هەژماری من) بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و رێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە رێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە. ئەمەش رێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەکە دەدات کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ـی راگەیاند. وەک بەشێک لە "دیدگا و ستراتیژیی حکومەت" بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش).
تائێستا بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری حکومی لەم پڕۆژەیە خۆیان تۆمار کردووە.
|