کاتی ئاسایی بوونەوەی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم لە تەواوی عێراق دیاری کرا

2025-08-28  96 جار خوێنراوەتەوە

کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، لە دوای کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو بڕیارە هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق بەردەست بێت و ئاسایی بێتەوە.

 سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم بە میدیای پارتی راگەیاندووە : "کێشەی راگیرانی ئینتەرنێتی کۆڕەک کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵانی 2000ـەکانەوە هەیە، بەڵام بڕیارە دوای کاتژمیر 12:00ی ئەمشەو تەواوی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بن و هێڵەکە لە هەموو عێراق ئاسایی بێتەوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، ئەگەر هیچ کێشەیەکی لەناکاو روونەدات، ئەمشەو پەیوەندیی هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم بە هێڵەکانی دیکە لە عێراق ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەموویان لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە".

باسی لەوەشکردووە: "بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا، هەموو کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و عێراق چارەسەر بن".

 رۆژی 18-02-2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی".

دوای بڕیاری دەستەکەی عێراق، رۆژی دواتر کێشە بۆ ئینتەرنێت و پەیوەندیی کۆڕەک تیلیکۆم لە هەرێمی کوردستانیش دروست بوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک کێشەکە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە