کوڕانی تاڵەبانی لە یەکەم بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردن پاشگەزبوونەوە!
2025-02-23
251 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ کوڕانی جەلال تاڵەبانی لە یەکەم بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاشگەزبوونەوە و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەی هەژماری من راگەیاند.
ئەمە دوایین هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و کوڕە بچووکی جەلال تاڵەبانی کە هاوڕێ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئیدارەی یەکێتی نیشتیمانی دەدەن.
لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە پرۆژەی هەژماری منی حکوومەتی هەرێم رەت دەکەنەوە و ئامادەنین پێوەی پابەند بن.
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا پرۆژەکەی بە ناوی پرۆژەی مەسرور بانگ دەکرد و دەیوت لای ئەوان کۆتایی پێ هاتووە.
ئەمڕۆ پێچەوانەی لێدوانەکەی سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، قوباد تاڵەبانی بە گرژییەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی لەسەر پرۆژەکە دایەوەو وتی توخوا واز لە مەوزوعی تەوتین بهێنن،وەڵا مێشكی ئەو میللەتەتان تێكداوە.
جیا لەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی لە كۆنگرەی دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغداد لەبارەی پڕۆژەی هەژماری منەوە جیاواز قسەی کرد و وتی لەکۆبوونەویدا لەگەڵ مەسرور بارزانی باسی لە پڕۆژەکە کردووە.
وەک نیشناندانی رەزامەندی لەسەر پرۆژەکە وتی هەندێك بابەتی هونەریی لەبارەوە هەبوون كە راستییەكەی ئەو لێی ئاگادارنەبووە.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی یەکێتی نیشتمانی دوای نزیککەوتنەوەیەتی لەگەڵ پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و دابەشکردنی پۆستەکان.
رەتکردنەوەی پرۆژەی هەژماری من لە سنووری یەکێتی لە سەرەتای دەستپێکردنی ناکۆکییەکانی ئەو دوو حیزبەوە دەستی پێکرد و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا گەیشتە لوتکە، کاتێک نوسینگەکانی پرۆژەکە لە سلێمانی داخران و نوسراو بۆ دەستپێکردنی تەوتین لە سلێمانیەوە ئاڕاستەی بەغدا کرا.
ئێستا دوای چەند مانگێک تێپەڕبوون بەسەر بەڵێنەکانی بافڵ تاڵەبانی، یەکەم بەڵێنی جێبەجێ نەکرد و پرۆژەی هەژماری منی لەبری تەوتینی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەڵبژارد.
مامۆستایان و فەرمانبەران یەکێک لەداواکارییە سەرەکییەکانیان تەوتین کردنیانە لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق بە ئامانجی ئەوەی مووچە لە دەست حکوومەتی هەرێم دەربهێنرێت و راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت.
ئەمڕۆش بۆ جێبەجێ کردنی ئەو داواکارییە و داواکارییەکانی دیکەیان، رێگای هاتوچۆی تانکەرە نەوتە قاچاغەکانیان لە نزیک ناحیەی عەربەت داخست.
مامۆستایان بەم هەنگاوەیان دەیانەوێت سەرچاوەی داهاتی پارتی و یەکێتی پەک بخەن کە لە رێگەی فرۆشتنی نەوت بە قاچاخەوە مانگانە نزیک بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریان دەست دەکەوێت.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|