ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد

2025-06-12  41 جار خوێنراوەتەوە

 ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و تێیدا سەرکۆنەی "پابەندنەبوونی" ئێرانی بە ئەرکەکەی کرد، ئەمەش وەک هۆشدارییەکی نوێیە پێش ئەوەی دۆسییەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت. 
 
بەوتەی سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، پێشنیازەکە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە داڕێژرابوو، بە 19 دەنگی بەڵێ لە کۆی 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرا.
 
ئەمە نوێترین هەنگاوی دیپلۆماسییە لە چوارچێوەی هەوڵێکی چەندین ساڵەدا بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەکاتێکدا رۆژئاوا ترسی ئەوەی هەیە تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، هەرچەندە تاران ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
دیپلۆماتکارەکان رایانگەیاند، چین، رووسیا و بۆرکینافاسۆ دژی بڕیارنامەکە دەنگیان داوە و 11 وڵاتی دیکەش دەنگیان نەداوە. پاراگوای و ڤەنزوێلاش بەهۆی نەدانی پشکی دارایی، نەیانتوانیوە بەشداری لە دەنگدانەکەدا بکەن.
 
پێش دەنگدانەکە، تاران هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر بڕیارنامەکە پەسند بکرێت، "زۆر بە تووندی کاردانەوەی دەبێت" و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کەمدەکاتەوە.
 
دوای دەنگدانەکەش، بەهرۆر کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکەن. 
 
هاوکات، ئەمریکا و ئێران چەندین گەڕی دانوستاندنیان بە نێوەندگیریی عومان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە بەرامبەر سووککردنی سزاكان.
 
بەڵام گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادیکردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە متمانەی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمتر بووەتەوە. رۆژی چوارشەممەش، ئێران هەڕەشەی کرد ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارنامەکە داوا لە ئێران دەکات "بەپەلە پابەندنەبوونی بە ئەرکەکانی لەژێر پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) چارەسەر بکات." هەروەها نیگەرانیشە لەوەی کە تاران "سەرەڕای بانگەوازی دووبارەی ئەنجوومەن و چەندین دەرفەتی پێشکەشکراو... نەیتوانیوە بە تەواوی هاوکاریی ئاژانسەکە بکات."
 
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە: "نەبوونی توانای ئاژانسەکە بۆ دڵنیاییدان لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو ئاشتیخوازانەیە، پرسیارگەلێک دروست دەکات کە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNSC)، کە دەتوانێت سزاکان دابڕێژێت."
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە