ڤیدیۆ؛ دوای 7 مانگ مێسی گەڕایەوە ئەرجەنتین

2025-06-05  105 جار خوێنراوەتەوە

دوای دوورکەوتنەوەیەکی ناچاری بۆ ماوەی حەوت مانگ، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیال، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ دوو یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر چیلی و کۆڵۆمبیا.
 
مێسی تەمەن 37 ساڵ، دوایین جار لە مانگی یانزدەی 2024 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەلبیسێلێستی کردووە، کە بەهۆی پێکانەوە لە ماسوولکەکانیدا نەیتوانی بەشداری لە دوو یارییەکەی مانگی ئاداردا بکات، کە تیپەکەی لیۆنێل سکالۆنی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکرد.
 
خاوەنی درێسی ژمارە 10 بەفۆرمێکی نایاب دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمان. ئەو وەک باشترین یاریزانی هەفتەی خولی ئەمریکی دەستنیشانکرا بەهۆی بەشداریکردنی لە 5 گۆڵدا (دوو گۆڵ و سێ ئەسیست) لە یارییەکەی ئینتەرمەیامی کە بەئەنجامی 5-1 لە کۆڵۆمبۆس کرۆی بردەوە.
 
هەڵبژاردەی تانگۆ، کە بەکۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی پاڵاوتنەکاندایە، رۆژی پێنجشەممە سەردانی چیلی دەکات و دواتر لە یاریگای مۆنۆمێنتال لە بوینس ئایرێس میوانداریی کۆڵۆمبیا دەکات.
 
جگە لە گەڕانەوەی مێسی، لە یەکەم مەشقەکانی ئەرجەنتیندا سێ رووخساری نوێی خولی ناوخۆیی دەرکەوتن، کە بریتین لە بەرگریکاران کیڤن لۆمۆناکۆ لە یانەی ئیندیپێندێنت،  ماریانۆ ترۆیلۆ لە بێلگرانۆ و هێرشبەر فرانکۆ ماستانتۆنۆ، گەوهەرە تەمەن 17 ساڵەکەی ریڤەر پلەیت کە سەرنجی یانە گەورەکانی ئەورووپای بۆ خۆی راکێشاوە.
 
سکالۆنی دەبێت بڕیار بدات کێ جێگەی نیکۆلاس ئۆتامێندی، کە سڕکراوە لە هێڵی بەرگری ناوەڕاست شانبەشانی کریستیان رۆمیرۆ دەگرێتەوە. لیۆناردۆ بالێردی و فاکوندۆ مەدینە تکابەری لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.
 
بەهۆی سڕکردن و پێکانەکانەوە، ئەرجەنتین لە تواناکانی چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت، لەوانەش ئەلێکسیس ماکالیستەر کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورخرایەوە، ئینزۆ فێرناندێز و لیاندرۆ پارێدێس بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە بەشداری لە یاریی یەکەمدا ناکەن. رۆدریگۆ دی پاوڵ کە یاریزانێکی سەرەکییە، لەگەڵ جیۆڤانی لۆسێلسۆ و ئێکسیکیل پاڵاسیۆس، بڕیارە لە هێڵی ناوەڕاست یاری بکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەر ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ ئینتەرمیلان بەشداری لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا کرد و بەئەنجامی 0-5 بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە