چۆن بە فشاری ئەمریکا هەناردەی نەوتی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە؟
2025-02-22
189 جار خوێنراوەتەوە
وا بڕیارە لەم هەفتەدا دوای راگرتنی بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە ئەوەش لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی کورتدا ئاشکرای کرد، رێکارەکانی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تەواوبوون و داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەکات ئەو بڕە نەوتەی بەرهەمی دەهێنن رادەستی بکەن.
ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوە دێن ئەمریکا هەڕەشەی لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کردووە ئەگەر پەلە نەکەن لە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئەوا رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری هەشت سەرچاوەی ئاگاداری دۆسیەی هەرێم لە واشنتن، هەولێر و بەغدا، بڵاویکردەوە ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەڕەشەی جددی لە حکوومەتی عێراق کردووە لەبارەی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
تا ئێستا روون نیە، میکانیزمی هەناردەکردنەوەکە چۆن دەبێت، بەو پێیەی دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا لە هەولێر لەبارەی میکانیزمەکانی پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە، ئەوەش بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، پرۆسەکە بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە یاسای بودجە و هەموارکردنەوەیدا هاتووە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو سەقفی بەرهەمهێنانەی کە بۆ عێراق لە ئۆپێک دانراوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەوەی بەلای شارەزایانەوە بووەتە جێگەی سەرنج، بۆچی ئەمریکا بەو ئەندازەیە فشار لەسەر دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردبوو، هەرێمی کوردستان رۆژانە توانای بەرهەم هێنانی ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، لەو بڕەش ٢٠٠ هەزار بەرمیلی لە رێگەی تانکەرەوە بە قاچاخ ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت.
ئاژانسەکە باسی لەوەکردبوو زۆرینەی ئەو نەوتە قاچاخە بە هەرزان دەدرێتە ئێران و لەوێوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
ئیداری نوێی کۆشکی سپی دەیەوێت رێگری لەو داهاتە زۆرە بکات، کە ئێران لە نەوتی قاچاخی هەرێمەوە دەستی دەکەوێت.
جیا لەوەش، کۆشکی سپی بە نیازە، فشارەکانی بۆ راگرتنی نەوتی هەناردەکراوی ئێران زیاتر بکات لە هەمانکاتدا ترسی هەیە ئەو هەنگاوە نرخی نەوت لە بازاڕدا بەرز بکاتەوە بۆیە دەیەوێت نەوتی هەرێم بە ئەندازەیەک رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی لە بازاڕەکاندا بکات.
ئەوەی بووەتە پرسیاری جددی ئەوەیە ئایا عێراق ئامادەیی ئەوەی تیایە بەردەوام ئەو خەرجیە گەورەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دابین بکات یان جارێکی دیکە کێشەی بۆ دروست دەبێتەوە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|