ترەمپ بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت
5 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، ئیدارەکەی بڕیاری داوە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی پێشوازیی لە بڕیارەکەی کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "کاتی ئەوە هاتووە چانسێک بدەین بە سووریا" و دەشڵێت، "هیوای بەختێکی باشیان بۆ دەخوازم."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە،" هیوادارن ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، بە گوتەی خۆیشی، یەکەم هەنگاویان ناوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تورکیا کۆدەبێتەوە، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکرد.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دوای تەواوبوونی قسەکانی، پێشوازی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی سعودیە بوو، بڕیاریش بچێتە هەریە لە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەش کۆببێتەوە.
ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە چەندین رێککەوتنی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار واژۆ کرد.
هاوکات بەپێی سەرچاوەکان، بڕیارە سبەینێ پێش جێهێشتنی سعودیە، چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بکەوێت. ئەمڕۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆک ترەمپ رازی بووە سبەی چوارشەممە لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سووریا بکات."
|