رێککەوتنی بەغدا لەگەڵ هەرێم بۆ مووچە گەڕاوەتەوە خاڵی سفر؟
2025-02-21
235 جار خوێنراوەتەوە
بەغدا داواکاری نوێی هەیە
رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێم گەڕاوەتەوە خاڵی سفر؟
بڵاوبوونەوەی نوسراوێکی نوێی وەزارەتی دارایی عێراق گومانی لەسەر تێکچوونی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر رەوانەکردنی مووچەی ئەمساڵ دروستکردووە.
بەپێی نوسراوەکە كە واژووی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی نوێی بۆ دروستبووە.
بەپێی ناوەرۆكی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا کە لەسەر لیستی موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجامدرا، لیستی مووچەی مانگی یەک دەکرێتە بنەما بۆ لیستی مووچەی مانگەکانی دیکەی ساڵی ٢٠٢٥، لە بەرانبەردا هەرێم نیوەی داهاتە فیدڕاڵییەکان و داهاتی هەناردەی نەوت رادەستی بەغدا دەکاتەوە.
لە چەند رۆژی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 51 ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی گەڕاندەوە، وەزارەتی دارایی بەو ٥١ ملیار دینارە رازی نەبووە.
هەرێمی کوردستان پێشتر پشکی بەغدای لە داهاتە فیدڕاڵییەکانی هەرێم بە ٨١ ملیار دینار دیاریکردبوو بەڵام بۆ مانگی یەک ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە.
بەپێی گوێرەی نوسراوەکە لەگەڵ لیستی موچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٥ و مانگەکانی دیکە داوای ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کردووە کە هەژماری بانکییان کردووەتەوە بە گوێرەی رێنماییەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق.
ئەوەش وا دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەنی هەژماری بانکی.
لەخاڵی کۆتایی نوسراوەکەدا، داوای داهاتی نەوت دەکات بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی کە لە بانکی ناوەندی کردویەتیەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە تائێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە تا هەرێم بتوانێت داهات بخاتە سەر ئەو هەژمارە.
ئەم داواکارییە نوێیانەی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدان کە دادگای فیدڕاڵی وەزارەتەکەی راسپاردووە کێشەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخاتەوە.
لە دوایین لێکدانەوەیدا کە لەسەر سکاڵایەکی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بڵاویکردووەتەوە باسی لەوەکردووە، بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم دا دەبێت.
رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیە جیاوازەکان هیچ کات نەیانتوانیوە درێژە بکێشن، بەڵکو لە ماوەیەکی کەمدا کێشەیان بۆ دروستبووە بۆیە ئەوەندەی سیاسین ئەوەندە یاسایی و دەستووری نین.
دیار نیە ئەمساڵ کێشەی نوێ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێتەوە یان نا، بەڵام هەرچی بێت فەرمانبەران بە دڵەڕاوکێوە لە وەرگرتنی مووچەکانیان دەڕوانن.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|