ریال مەدرید دەیەوێت بەڕێزەوە کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕێ بکات

3   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ بەڕێکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە بەشێوەیەک شایستەی کاری ئەو راهێنەرە بێت لەگەڵ یانەکەدا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەنچێلۆتی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یانەکە دەڕوات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، دوایین وادەبووە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کارگێڕیی یانەکە بڕیاریدابوو ئەگەر ریال مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا خراپ بدۆڕێت، دەستبەجێ ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی دووربخەنەوە، بەڵام ئەوە رووینەدا، چونکە تیپەکە ئەگەرچی دۆڕا، بەڵام یارییەکی باشی کرد.
 
سەرچاوەکان زیاتر دەڵێن، تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ، کارلۆ لە پۆستەکەی دوورناخرێتەوە، ئەگەرچی یانەکە بڕیاریداوە کارەکانی لەگەڵ ئەو راهێنەرە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام کارگێڕیی یانەکە پێیوایە پێویستە ئەو راهێنەرە بەڕێزەوە بەڕێ بکرێت.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، کارگێڕیی ریال و سەرۆکی یانەکە پێیانوایە، کارلۆ ئەو راهێنەرەیە زۆرترین نازناوی بۆ یانەکە بەدەستهێناوە، هەستی دۆستانەی تایبەتیان هەیە بۆی، ئەگەرچی ئەمساڵ تیپەکەی زۆر خراپ بوو.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ریال مەدرید پلانی بەڕێکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی کاراکردووە، دەیەوێت بەڕێکردنەکە پڕبێت لە رێزلێنانی وەک یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەکە، هەروەها دەیانەوێت لە داهاتوودا کارلۆ لە پۆستێکی دیکەدا نوێنەرایەتی یانەکە بکات و دەیانەوێت بەباشترین شێوە بەڕێی بکەن.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، کاری کارلۆ و ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، تەنانەت ئەگەر ریال مەدرید نازناوی لالیگاش بباتەوە.
 
پێدەچێ رووگەی داهاتووی ئەنچێلۆتی بەرازیل بێت، بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئەو راهێنەرە بەهەندێک لە یاریزانانی یانەکەی گوتووە کە لە کۆتایی وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات.
 
بەپێی ئەوەی باسدەکرێت، دوایین یاریی ئەنچێلۆتی لەگەڵ یانەکەی رۆژی 25ی مانگی داهاتوو دەبێت لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیبلباو و دوای ئەوە ئیدی لەگەڵ یانەکە بەردەوام نابێت.
 
پێشبینیکراوە ئەنچێلۆتی لە دوای ریال مەدرید، دەستبەجێ مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل لە ئەستۆ بگرێت و بەر لە گەڕی داهاتووی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال، ئەرکە نوێیەکەی وەربگرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە