ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان ئەنچێلۆتی و ئەستێرەیەکیدا سەریهەڵداوە

9   کاتژمێر پێش ئێستا  69 جار خوێنراوەتەوە

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان ئاردا گولەری ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری تیپەکەیان روویداوە بەهۆی بەشدارینەکردنی بەردەوامی یاریزانەکە لە تیپی یەکەمدا.
 
ئاردا گولەر تاوەکو ئێستا دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە وەک یاریزانێکی سەرەکی یاری بۆ ریال مەدرید بکات، تەنانەت بە یەدەگیش زۆر یاری پێناکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چیدی یاریزانەکە لە پلانەکانی راهێنەرە ئیتاڵییەکەدا نییە.
 
ئەوەی لەم دواییانەدا قسەی لەسەر ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکە لە لۆس بلانکۆس دروستکرد، ئەوەیە کە چەندین دەستەوارەی لە خولی ئیتاڵیاوە پێگەیشتووە.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا لەم دواییانەدا بڵاویاکردووەتەوە، هەموو لایەک لە هەڵبژاردەی تورکیا ناڕەحەتن بەو شێوازی مامەڵەی لە ریال مەدرید لەگەڵ گولەر دەکرێت.
 
رۆژنامەی رێلێڤۆ بڵاویکردەوە، پەیوەندی نێوان ئاردا گولەر و کارلۆ ئەنچێلۆتی هەرگیز باش نەبووە، بەو پێیەی ئەو راهێنەرە هەمیشە بەرژەوەندی تیپەکەی لە سەرووی تاکەکانەوە داناوە و لە هەموو کاتێکدا ئەم بابەتە زیانی بە یاریزانە تورکەکە گەیاندووە، کە نەیتوانیوە متمانەی راهێنەرەکەی بەدەستبهێنێت، ئەویش رۆڵی خۆی وەک یاریزانێکی پەراوێزخراو لە تیپەکەدا قبوڵ نەکردووە، ئیدی شتەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە لەوانەیە لە هاویندا بتەقێتەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "ئەنچێلۆتی هیچی بەرامبەر بەو یاریزانە نییە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا چەند لێدوانێکی نەرێنی لەسەری داوە، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان ئەو ئاستە پابەندبوونەیە کە ئەو یاریزانە بەتوانایە تورکە لە راهێنانەکاندا نیشانیداوە، کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە ئاستی رەزامەندی ستافی تەکنیکی یانەی ریال مەدریدبێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی کوالیتی یان لێهاتوویی ئەو یاریزانە نییە، بەو پێیەی لەناو تیپەکەدا وەک بەهرەمەندێکی ئاستبەرزی جیهانی سەیر دەکرێت، بەڵکو بەهۆی نەبوونی بوێری لەکاتی بەرگریکردندا لە کاتی مەشقەکاندا".
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، راهێنەری ئیتاڵی بەتایبەتی بایەخ بەو یاریزانانە دەدات کە هەوڵی زیاتر دەدەن لە ئەرکەکانی بەرگریدا، ئەمەش رێک ئەو خاڵەیە کە ئاردا نەیتوانیوە بەتەواوی لە تاقیکردنەوەکە دەربچێت، سەرەڕای ئەوەی زیاتر تێکەڵ بە ژووری جلگۆڕین بووە.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تووڕەیی ئەنچێلۆتی ئاستی ئاردا گولەر بوو لە یارییەکەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر لێگانێس، کە لە شیکاری ڤیدیۆیی یارییەکەدا دەرکەوت کە چەند هەڵەیەکی کردووە، بڕیاری خراپی هێرشبەری داوە، لە مامەڵەکردنی لەگەڵ تۆپەکەدا خراپ بووە، بەباشی گوشاری نەخستووەتە دەرەوە، لە رووی تاکتیکەوە باش نەبووە، بەکورتی هیچ کام لەو شتانەی کە راهێنەر داوای لێکردبوو جێبەجێ نەکردووە.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە ئەنچێلۆتی و ستافی راهێنەرایەتییەکەی تووڕە کردووە، کە جگە لەو ئاستە خراپەی، هەستیان بە نەرێنییەکی دیاریکراو لە جوڵەکانیدا کردووە، راهێنەرە ئیتاڵییەکە پێشتریش بەو هۆیەوە لەگەڵ یاریزانی پێشووی فێناربەخچە ناکۆکی و بەریەککەوتنیان هەبووە.
 
رێلێڤۆ جەختی لەوە کردەوە "ئاردا سوود لەو چەند دەرفەتە وەرناگرێت کە لەم دواییانەدا پێیدراون، بەپێچەوانەی ئەوەی کە وەرزی رابردوو کردی، کاتێک لە قۆناخەکانی کۆتایی خولەکەدا کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد، تا ئەو راددەیەی کیلیان ئێمباپێ لە ایریی بەرامبەر ڤیاریالدا سەرزەنشتی کرد. 
 
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، یاریزانە تورکەکە دەیەوێت پێگەی خۆی لەناو تیپەکەدا بگۆڕێت، ئەگەر ئەوەش روونەدات، رۆیشتنی لە یانەکە رەتناکاتەوە، بەڵام ئامادەش نییە  بەخواستن بچێتە دەرەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە