ترەمپ: لادانی ئینفانتینۆ لە سەرۆکایەتیی فیفا هەڵەیەکی گەورەیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) راگەیاند و دووپاتی دەکاتەوە لادانی ئەو لە پۆستەکەی هەڵەیەکی گەورە دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند یەکێتییەکی گەورەی تۆپی پێ داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئینفانتینۆ دەکەن.
میدیای ئەمریکا بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵەوە وەڵامی ئەو گوشارانەی دایەوە رووبەڕووی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بووەتەوە. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت یوفا، کۆنکاکاف و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لە نامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند متمانەیان بە ئینفانتینۆ نەماوە و نایانەوێت لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.
سەرۆکی فیفا لە 28ـی مانگی 7ـی رابردوو کەوتووەتە ناو قەیرانێکی گەورە، دوای ئەوەی پڕۆژەیەکی نوێی ئاشکرا کرد بە ناوی (FFE)، کە تێیدا رێگە بە وەبەرهێنەرە تایبەتەکان دەدرێت پشک لە کارە بازرگانییەکانی فیفا و مۆندیالەکاندا بکڕن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ئەورووپا و ئاسیا دروستکردووە.
دۆناڵد ترەمپ کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئینفانتینۆ هەیە، نووسیویەتی "فیفا هەڵەیەکی ترسناک دەکات ئەگەر بیر لە گۆڕینی جیانی ئینفانتینۆ بکاتەوە". ترەمپ دەڵێت ئینفانتینۆ کەسێکی نایابە و سەرکەوتووترین مۆندیالی لە مێژوودا بەڕێوەبردووە، ئەگەر ئەو بڕوات فیفا هەرگیز ئەو سەرکەوتن و قازانجە داراییەی دەستناکەوێتەوە.
کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی ئەمریکی کە برای زاواکەی ترەمپ خاوەنیەتی، یەکێک بووە لەو لایەنانەی فیفا ویستوویەتی بە بڕی 4.2 ملیار دۆلار پشکێکی نوێی لە چالاکییە بازرگانییەکانی پێ بفرۆشێت.
مۆندیالی 2026 کە بە هاوبەشی لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەچوو، پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و ئینفانتینۆ پەرەپێدا، بە شێوەیەک ترەمپ خەڵاتی "ئاشتیی فیفا"ـی لەلایەن ئینفانتینۆوە پێدرا.
ئەم پشتگیرییەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی فیفا پێشتر رەزامەندیی لەسەر پلانە نوێیەکەی ئینفانتینۆ نەدابوو، ئەمەش وایکرد یەکێتییە کیشوەرییەکان بە تووندی دژی بوەستنەوە.
|