ماڵئاوایی تایبەتی میدیای ئەرجەنتین، لە مێسی
15 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
بەجۆرێک لە خەمەوە، میدیای ئەرجەنتین هەواڵی لە دەستدانی نازناوی مۆندیالیان لەلایەن هەڵبژاردەی وڵاتەکەیانەوە گواستەوە، لە کاتێکدا پەسنی تواناکانی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی هەڵبژاردەکەیاندا، ئەگەرچی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بەرامبەر ئیسپانیا شکستیان هێنا.
وێڕای لەدەستدانی بەدەستهێنانی چوارەمین نازناوی مۆندیال لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا، بەڵام رۆژنامەکانی وڵاتەکە هاوڕان لەسەرئەوەی کە مێسی سەربەرزانە ماڵئاوایی کرد، پاشئەوەی لە تەمەنی 39 ساڵیدا پاڵەوانێتییەکی ناوازەی پێشکەشکرد و 8 گۆڵ و چوار ئەسیستی هەبوو.
رۆژنامەی 'کلارین' دەڵێ، مێسی نەوەیەکی تەواوی فێری وانەی خۆبەدەستەوەنەدان کرد، دووپاتیدەکاتەوە، "ئەو تاوەکو کۆتایی هەوڵیدا، نەوەیەکی فێرکرد خۆیان بەدەستەوەنەدەن، پاشئەوەی کەس بڕوای بەهیچ نەمابوو.
رۆژنامەکە دەڵێ، "دوایین وێنەی مێسی لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەنەمری دەمێنێتەوە، پاشئەوەی میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا و نیشانەی کاپتنیەکەش بە قۆڵیەوە بوو.
رۆژنامەی 'لاناسیۆن' لای خۆیەوە دەڵێ، فرمێسکەکانی سەرکردە، مێسی دەگری و ئەرجەنتین لەباوەشی دەگرێت. هەروەها دەڵێ، سوپاس لیۆ، بەشی خۆت دڵخۆشتکردین.
رۆژنامەی 'کرۆنیکا' نووسیویەتی، "ئەفسانە"، باسی فرمێسکەکانی مێسی بۆ شکستەکە کردووە، دووپاتیدەکاتەوە وێڕای بەدەستنەهێنانی مۆندیالی دووەم، بەڵام ئەو لە مێژوودا بەنەمری دەمێنێتەوە.
لای خۆیەوە، رۆژنامەی 'بیرڤیل' سەرنجی خستووەتە سەر لایەنی تەکتیکیی و دەڵێ ئیسپانیا لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردبوو. لە کاتێکدا ئەرجەنتین لە یارییەکی ئاڵۆز و قورسدا خۆی گرت، بەرلەوەی فێران تۆرێس، یارییەکە یەکلایی بکاتەوە.
رۆژنامەکە پێیوایە، پێکرانی ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێز کاریگەریی زۆری لەسەر پلانەکانی هەڵبژاردەکە هەبوو. لە کاتێکدا شکستەکە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە ئەرجەنتین پاڵەوانێتییەکی ناوازەی هەبوو.
رۆژنامەی 'لاکاپیتاڵ' نووسیویەتی، فرمێسکەکانی مێسی، کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای سەردەمێکی دیکە، ئەو دەڵێ، "فرمێسکەکانی مێسی، فرمێسکی هەمووانبوو، کۆتایی و سەرەتای سەردەمێکی نوێیە".
رۆژنامەکە ئاماژەی بەسڵاو و پێزانینی هاندەران بۆ لیۆ کردووە.
'باجینا 12' لای خۆیەوە وتوویەتی، "ئەرجەنتین لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕا و نەیتوانی ئەستێرەی چوارەم بەدەست بهێنێت".
رۆژنامەکە دەڵێ سەردەمی پێنج ساڵ باڵادەستیی هەڵبژاردەکە کە تێیدا کەس شانی لەشانی نەدا، کۆتایی هات و لە یارییەکەدا تەنیا مارتینێز خاڵی گەشاوەی هەڵبژاردەکە بوو.
میدیای ئەرجەنتین وێڕای خەمی لەدەستدانی نازناوەکە، بەڵام هاوڕان لەسەرئەوەی شەوەکە تەنیا شەوی شکستی ئەرجەنتین نەبوو، بەڵکو ماڵئاوایی بوو لە سەردەمێک، کە سەرکردەیەک تێیدا درەوشایەوە.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا مێسی بەفەرمی وازهێنانی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرcاوەکان پێشبینیدەکەن ئەو ئەفسانەیە ئیدی جارێکی دیکە درێسی هەڵبژاردەکە نەپۆشێتەوە.
|