یانەی نەورۆز بۆ وەرزی داهاتوو چاوی لە نازناوی عێراقە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  51 جار خوێنراوەتەوە

یانەی نەورۆز دەستیکردووە بە تۆکمەکردنی ریزەکانی بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەیەوێت تیپێکی بەهێزی هەبێت رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی خولەکە بکات.

هێشتا یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولەکە تەواونەبووە و گەڕێکی ماوە، بەڵام نەورۆز دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەکانی و گفتوگۆی گەرم لەگەڵ ژمارەیەک ئەستێرەی نوێ.

وەرزی ئەمساڵ یانەی نەورۆز دەستپێکێکی باشی لەگەڵ یاسین ئاراسی راهێنەر نەبوو بەشێوەیەک تیپەکە مەترسی دابەزینی بۆ خولی نایاب هەبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی وەلی کەریم، راهێنەری بەنێوبانگی کورد تیپەکە چووە نێو ململانێ و بووە تیپێکی رکابەر و بەرچاو لە خولەکەدا.

نێتۆ ئاکارا، هێرشبەری بەرازیلی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا پەیوەندی بە یانەی نەورۆزەوە کرد، ئاستبەرزی و لێهاتوویی وایکرد نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ نوێبکاتەوە، ئەو یاریزانە تووشی پێکان بووە، ئێستا گەڕاوەتەوە بەرازیل بۆ وەرگرتنی چارەسەری. ئۆگنێین مێرسیچ بەرگریکاری سڕبی بە باڵا بەرزەکەی و توندوتۆڵییەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشا، دەستەی کارگێڕیی یانەی نەورۆز گرێبەستیان لەگەڵ نوێکردەوە و ئەویش بەهۆی پێکان گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

بەپێی زانیارییەکان بەرپرسانی یانەی نەورۆز لەگەڵ وەلی کەریم، راهێنەری تیپەکە کە گرێبەستی سێ وەرز کارکردنی لەگەڵ تیپەکەدا بۆ کراوە، کۆبوونەتەوە، بە راهێنەرەکەیان وتووە دەمانەوێت وەرزی داهاتوو بتوانین لە تیپەکانی پێشەوەی خول بین و کاتی ئەوە هاتووە نەورۆز بتوانێت بەشداریی خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بکات، بەرپرسانی یانەکە گڵۆپی سەوزییان بۆ هێنانی هەر ئەستێرە و یاریزانێک لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە بۆ وەلی کەریم داگیرساندووە و کێشەی پارەیان نییە.

هێرش هەورامی، جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز رایگەیاندووە "بۆ وەرزی نوێ دەمانەوێت یەکێک بین لە یانە بەهێز و پێشەنگەکان، وەلی کەریم راهێنەرێکی گەورە و بە ئەزموونە لە مێژووی تۆپی پێی عێراق، شایستەی ئەوەیە تیپێکی باشی لەبن دەستدا بێت و ئێمەش هەموو هاوکاریی و پاڵپشتییەکی خۆمان بۆ دەربڕیووە، پێمانگوتووە کێشەی دارایمان لە هێنانی یاریزان نییە و دەستمان بە واژۆکردنی گرێبەست کردووە ".

دوای تەواوبوونی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵ یانەی نەورۆز لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی کە وەلی کەریم دەیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ نوێبکرێتەوە وەردەگرێت و دەستدەکەن بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکان، زاندراوە هەریەک لە رەوا یوسف، راستگۆ فەریق، محەممەد رەزا، محەممەد حایک، محەممەد دلاوەر، مەروان حوسێن گرێبەستیان لەگەڵ نوێ دەکرێتەوە، بەڵام گۆڕانکاری گەورەش لە یاریزانانی ناوخۆ و پیشەگەرەکان دەکرێت.

جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز زیاتر روونیکردەوە "ئازادییەکی تەواومان بە راهێنەر داوە لە کارەکەی، لە گۆڕانکاریدا سەر پشکە و دەتوانێت تیپەکە تەواو بگۆڕێت، ئەوەی دەزانین دەیەوێت گۆڕانکاری زۆر لە یاریزانە پیشەگەرەکان بکات و ژمارەیەکی باشی ئەستێرەی ناوخۆش کۆبکاتەوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە