نرخی بلیتێکی یاریی کۆتایی مۆندیال گەیشتووەتە دوو ملیۆن یۆرۆ؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

چوار بلیتی یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنرخی زیاتر لە دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر بلیتێک خرایە روو و نرخەکە جیا لەوەی جیهانی شۆککرد، پەرچەکرداری خێرای بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ماڵپەری 'ئاتلێتیک' وتوویەتی بەپێی نرخەکانی بازاڕی سەرلەنوێ فرۆشتنەوەی بلیتەکان کە سەر بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)یە، چوار بلیتی کورسییەکانی ئاستی یەکەم، لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵ کە بڕیارە لە رۆژی 19ی مانگی حەوت لە یاریگەی میتلایف لە ویلایەتی نیوجێرسی بەڕێوەبچێت، بەنرخێکی خەیاڵیی خراونەتە بازاڕەوە و هەر بلیتێک نرخەکەی نزیکەی دوو ملیۆن و سێسەد هەزار دۆلارە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک بلیتی دیکەی هەمان ئاستی یەکەم و لە هەمان ناوچەی دانیشتن لە پشتی یەکێک لە گۆڵەکانی یاریگاکە کە جێگای 82 هەزار و 500 کەسی تێدا دەبێتەوە، بەنزیکەی 16 هەزار دۆلار فرۆشراوە.
 
ئەگەرچی فیفا، ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی فرۆشتنەوەی سەرلەنوێی بلیتەکان بکات، لەبەرئەوەی ئەوکارە لە ئەمریکا و کەنەدا یاساییە. بەڵام ئەو رێکخراوە لەو پڕۆسەی دووبارە فرۆشتنەوەیەدا بڕی 15 لەسەدی پارەکەی بەردەکەوێت، کە بۆ هەر بلیتێک نزیکەی 600 هەزار دۆلار دەکات.
 
لە مۆندیالەکانی پێشوودا، لە ئەگەری سەرلەنوێ فرۆشتنەوەی بلیتی یارییەکاندا، نرخە نوێیەکە دەبوو سنوورێکی دیاریکراوی هەبێت و لە نرخی سەرەکیی کڕینەوەی یەکەمجارەوە زۆر دوور نەبێت.
 
لە مۆندیالی داهاتوودا کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، ئەمریکا و کەنەدا لە ئەپڵیکەیشنێکەی تایبەتەوە بلیتەکانیان دەفرۆشنەوە و مەکسیک لە ئەپڵیکەیشنێکی دیکەوە کە رێگە لە زیادکردنی نرخەکەی لە هاووڵاتییەکانی دەگرێت.
 
ئەم پێشهاتانە لە نێو شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتیی بەرامبەر نرخی بلیتەکان هاتوونەتە ئاراوە، هاندەران گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان دەکەن.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا گوتوویەتی پێشتر نەیزانیوە سەرلەنوێ فرۆشتنەوەی بلیتەکان لە ئەمریکا و کەنەدا یاساییە. هاوکات بەرگری لەبەرزبوونەوەی نرخەکان کردووە و دەڵێ، ئەوە بازاڕێکی زۆر تایبەتە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە