"رۆناڵدۆ نموونەی باڵایە و هیچ ئاماژەیەک نییە کەی وازدەهێنێت"
2 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال ستایشێکی زۆری کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت 'ئەو بەڕاستی نموونەی باڵایە بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی."
رۆبێرتۆ مارتینێز، لە دوایین لێدوانی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، جارێکی دیکە سەرسامیی خۆی بەو یاریزانە دووپاتکردەوە و دەڵێت "مامەڵەکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کارێکی زۆر ئاسانە، بەهۆی ئەو پێوەرە بەرزانەی هەیەتی، هەروەها ئەو چاوەڕوانییە زۆر و گەورەیەی لە خۆی و هەمووان هەیە بۆ تۆپی پێ."
مارتینێز زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "ئەو نموونەیەکی راستەقینەیە لە نوێنەرایەتیکردنی پۆرتوگال و هەڵبژاردەی نیشتمانی، دوای زیاتر لە دوو دەیە لەگەڵ تیپەکەی بەتەواوی تێکەڵ بووە، ئەو گۆڵکارێکی ناوازە و یاریزانێکی سەرەکی ئێمەیە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئاستی ئەوە، چونکە لە 30 یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی هەڵبژاردە 25 گۆڵی تۆمارکردووە. پرسەکە پەیوەندیی بە دەستکەوتەکانی رابردوویەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پێشکێشی دەکات."
لەبارەی ئەگەری وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییکردن، رۆبێرتۆ مارتینێز گوتی "ئامار و داتاکانی هیچ ئاماژەیەک پێشاننادەن بۆ دابەزینی ئاستی، هەموو ئامارەکانی تایبەت بە توانای جەستەییمان لەبەردەستە، هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ پاشەکشە لە جەستەی ئەودا، ئامارەکان پێمان دەڵێن ئەو دەتوانێت ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەڵێت "لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بڕیاری کۆتایی لای خۆیەتی، ئەو هەر کاتێک هەست بکات چیدیکە ناتوانێت سوود بە تیپەکە بگەیێنێت، خۆی ئەو ساتە دیاری دەکات کە تێیدا دەوەستێت."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئێستا تەمەنی 41 ساڵە، خاوەنی 962 گۆڵە و پێشتر رایگەیاندبوو، ئامانجی ئەو ئەوەیە بگاتە 1000 گۆڵ.
|