فلیک باسی یەکەم ساتی چوونە نێو کامپ نو دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بڕوای وایە گەڕانەوە بۆ کامپ نو، تەنیا گەڕانەوە بۆ شوێنێکی جوگرافی نییە بەڵکو هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی رۆحیەتی رکابەری و پەیوەستبوونەوە بە مێژووی نێوان یانەکە و هاندەرەکانی.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێیوایە، گەڕانەوەی تیپەکە بۆ یاریگاکەی، پێویستییەکی وەرزشی و سۆزاوییە.
یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند، تیپەکە رۆژی 22ی ئەم مانگە و لە یاریی گەڕی 13ی لالیگادا دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی کامپ نو.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، فلیک لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ویستی گەورەی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگەی یانەکەی ئاشکراکردووە، دووپاتیکردووەتەوە ئەو هەنگاوە، بەشێکی سەرەکیی بەدەستهێنانەوەی کڕۆکی شێوازی یاریی تیپەکە و ناسنامەکەی.
فلیک لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' یادەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ کامپ نو دەگێڕێتەوە و باسی ئەوە دەکات، یاریگەکە سیمبول و سەرچاوەی وزەی سۆزاویی تیپەکەیە بۆ تێپەڕاندنی ساتە قورسەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
فلیک لەو چاوپێکەوتنەدا، یەکەمین ساتی چوونە نێو یاریگەکەی لە ژیانیدا گێڕاوەتەوە. ئەوکات نزیکەی دوو دەیە لەمەوپێش، فلیک لە کەلوپەلفرۆشییەکی وەرزشی سەر بە نایک کاریدەکرد، بەهۆی فرۆشە بەرزەکانییەوە، وەک رێزلێنان، بانگهێشتی یارییەکی تیپەکە کرا لە نێو کامپ نو و لەوێ لە نێو پەیژەکانی یاریگەکەوە، ئیدی خەونی رۆژێک لە رۆژان مەشقدانی یانەکە کەوتە مێشکییەوە.
فلیک دەڵێ، "لەو ماوەیەدا، کە وابزانم نزیکەی 20 بۆ 23 ساڵ لەمەوپێش بوو، من گەورەترین فرۆشیاری بەرهەمە وەرزشییەکان بووم لە ئەڵمانیا بۆ ماوەی پێنج تاوەکو شەش ساڵ، ئەوکات بانگهێشتی یارییەکی بارسێلۆنا کراین. لەوێ لەسەر کورسییەکان دانیشتم، بەخۆمم گوت، دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان مەشقی ئەم تیپە بدەم".
هەروەها دەڵێ، "یارییەکە بەرامبەر خیتافی بوو کە برێند شوستەر راهێنەریان بوو، ئەوکات گوتم دەمەوێ رۆژێک لە رۆژان لێرە راهێنەربم، ئەوەم بەدەستهێنا".
فلیک لە هاوینی 2024 بووە راهێنەری بارسێلۆنا و لەوکاتەوە هیچ یارییەکی وەک راهێنەر لەسەر یاریگەی کامپ نو ئەنجامنەداوە.
فلیک هیواخوازە لە دوای گەڕانەوە بۆ یاریگە مێژووییەکەی تیپەکەی، ئیدی ریتمی یارییەکە کاریگەر و تۆقێنەرەکان بەدەست بهێنێتەوە و نزیکبوونەوەی هاندەران لە یاریگەی یارییەکە، پاڵنەری زیاتری یاریزانەکانی بێت بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکان.
|