هەموو بارسێلۆنا لە هێنانی راشفۆرد دەترسێت تەنیا فلیک نەبێت

6   کاتژمێر پێش ئێستا  47 جار خوێنراوەتەوە

لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام ناوی مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری مانچێستەر یونایتد بەیانەی بارسێلۆناوە دەبەسترێتەوە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە سەرقاڵی هێنانی نیکو ویلیامزی ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباوە، سەرچاوەکان دەڵێن، هەمووان لە بارسا لە هێنانی ئەو هێرشبەرە ئینگلیزییە دەترسن، تەنیا هانزی فلیک نەبێت.
 
لە گەرمەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، ناوی مارکۆس راشفۆرد بەیانەی بارسێلۆناوە دەبەسترێتەوە، ئەو هێرشبەرەی نیوەی وەرزی رابردووی لە ئاستۆن ڤێلا بەسەربرد، لە کاتێکدا پێناچێ نەخۆی و نە مانچێستەر یونایتد، ویستی بەردەوامبوونیان پێکەوە هەبێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ راشفۆرد ئەگەرچی ئەو یانەیە گرێبەست لەگەڵ ویلیامزیش بکات.
 
وەرزی رابردوو بۆ راشفۆرد لە هیچ روویەکەوە وەرزێکی نموونەیی نەبوو، بەڵام ئەوە لەو راستییە کەمناکاتەوە کە مارکۆس هێرشبەرێکی سەرنجڕاکێش و بەتوانایە و نەرمییەکی تەکتیکیی دەگمەنی هەیە. بەئاسانی دەتوانێت خۆی لەگەڵ دۆخ و تیپەکاندا بگونجێنێت و ئەوانەش هەموویان خاڵی سەرنجڕاکێشن بۆ هەر راهێنەرێک لە دونیادا.
 
فلیک دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو، هێڵێکی هێرشبەریی تووندتر و دڕندەتری هەبێت، روونە کە ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە ویستی ئەوەی هەیە بژاردەی زیاتر لەسەر کورسیی یەدەگی تیپەکە بەردەست بخات بۆ پێشاندانی کاریگەریی زیاتر.
 
ئەگەرچی هیچ بەرپرسێکی بارسا بەئاشکرا باسیان لە هەوڵدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ راشفۆرد نەکردووە، بەڵام میدیاکانی کەتەلۆنیا سوورن لەسەر بەستنەوەی ئەو یاریزانە بەیانەکەوە، بەتایبەت کەخۆی بەئاشکرا باسی ئەوەیکردووە خەونی یاریکردن بۆ بارسێلۆنا.
 
هانزی فلیک لە دەرەوەی بۆچوونی بەرپرسەکانی یانەکەی بیردەکاتەوە و پێیوایە دەتوانێت راشفۆرد کاری گەورە بۆ یانەکە بکات.
 
راشفۆرد یەکێکە لەو بەهرەمەندانەی لە ساڵانی رابردوودا، بەچاوپۆشین لەوەی ئاستی بەرز و نزمی زۆری کردووە، بەڵام هەموو کات وەک هێرشبەرێکی باش و کارا دەرکەوتووە.
 
تایبەتمەندیی ئەو هێرشبەرە لەوەدایە کە جووڵەی لە یاریگەدا خێرا و سەرنجڕاکێشە و بەئاسانی خۆی دەخزێنێتە پشتی هێڵی بەرگریی تیپی بەرامبەر.
 
راشفۆرد لەسەرەتاکانی دەرکەوتنیدا لە یونایتد لەگەڵ لویس ڤان خال، وەک هێرشبەرێکی دینامیکیی کە پشتی بەخێرایی گەورەی خۆی دەبەست بۆ دروستکردنی بۆشایی دەرکەوت.
 
ئەم تایبەتمەندییانە بۆ فلیک کە پشت بەهێڵێکی بەرگریی پێشکەوتوو و هێرشبەرییەک دەبەستێت کە لە قووڵایی یاریگەوە دەچێتە ناوەوە، زۆر نایابن.
 
لە بارسا، راشفۆرد دەتوانێت هێرشبەرێکی درەوشاوەی گۆڵکەر بێت بە سوودوەرگرتن لەو تۆپانەی لامین یامالی درەوشاوە لە باڵی راستەوە دەیانخاتە نێو ناوچەی سزا. 
 
ئامانجی فلیک لە هێنانی راشفۆرد، پڕکردنەوەی بۆشایی پاشەکشەی توانای جەستەیی و هەستی گۆڵکردنی لیڤاندۆڤسکییە کە وەکجاران ناتوانێت بۆ گۆڵکردن خزمەت بەتیپەکە بکات.
 
ئەوەی لەو نێوانەدا وەک رێگریی لەبەردەم ویستی فلیک بۆ هێنانی راشفۆرد ماوەتەوە، ئەوەیە کە کارگێڕیی بارسێلۆنا دەبێ بەوردی لێکدانەوە بۆ بنمیچی مووچەی یاریزانەکانی بکات، هەروەها ئەو هێرشبەرە بەیاریزانێکی کەمێک یاخی دادەنرێت و ئەوەش ترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە، لە بچووکترین کێشەدا، کاریگەریی لەسەر ژووری جلگۆڕینی یانەکە دروست بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە