ڤاکسینی ئەنفلۆنزا چییە و کێن ئەوانەی دەتوانن وەری بگرن؟

42   خولەک پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

لەوەرزی پایيز و زستان، ڕێژەی هەوکردنی ڕێڕەوی هەناسە زۆر دەبێت بەهۆی جۆرەها ڤایرۆس، جا هەڵامەت و پەسیوێکی سادە بێت یان ئەنفلۆنزان توند بێت! چونکە ئەنفلۆنزا پەتایەکی توندترە لە هەڵامەت و جۆری ڤایرۆسەکانیشی جیاوازن.

دکتۆر هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و سینگ و نەخۆشی شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و غودە بەم جۆرە ڕوونی کردۆتەوە:

یەکێک لە ڤایرۆسە باوەک، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزایە، ئاستی تووندی نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، زۆربەی توشبوان بە سەردانی کردنی پزیشک و پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک ڕێنمایی و وەرگرتنی چارەسەر بە سەلامەتی چاک دەبنەوە، بەڵام دەکرێ لە هەندێک تووشبوو پەتایەکە زۆر توند بێت، بە تایبەت کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو، یان ئەوانەی توشبوی نەخۆشی درێژخایەنن، زۆر جار پێویست بە خەواندنی نەخۆشخانە دەکات، تەنانەت ئەگەری مردنیش زیاتر دەکات گەر زوو چارەسەر نەکرێت لەو کەسانەی بە توندی توش دەبن.

بۆ ئەوەی ئاستی تووشبوون بە پەتای توندی ئەنفلۆنزا کەم بێتەوە، هەروەها مەترسی تووشبون بە پەتای توند کەمتر بێت، گرنگە بایەخ بدرێ بە هۆشیارکردنەوەی هاونیشتیمانیانی ئازیز بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا لە ڕێگەی سەردانیکردنی بنکە تەندروستیە حکومیەکان لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.

کێ ڤاکسینەکە وەربگرێت:

١/ کەسانی سەروی ٦٥ ساڵ
٢/ کەسانی نێوان ١٨ ساڵ بۆ ٦٤ ساڵ کە توشبوی نەخۆشی درێژخایەن بن.
٣/ خانمی دووگیان ( جۆری ڤاکسینی ناچالاک).
٤/ کەسانێک لە خانەی بەساڵاچوان دەژین.
٥/ کەسێکی لەشساغ کە بەرپرسیارە لە خزمەتکردن و چاودێری کەسی بەساڵاچوو.
٦/ کەسێکی لەشساغ کە ژیان بکات لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە کەمی بەرگری.
٧/ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو نەخۆشی( سیەکان، پەککەوتنی دڵ، جگەر، گورچیلە، شەکرە، کەمی بەرگری بەهۆی شێرپەنجە).

ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، تا کۆتایی مانگی ١١ هەر گونجاوە، بەر لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە وا دروستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت.

دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە ئەگەری ئەم کاریگەریە لاوەکیانە هەیە:

ئازارێکی کەم و سوربەنەوەی شوێنی دەرزیەکە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی
بێهێزی و شەکەتیەکی کەم.

جەستە دوو هەفتەی پێویستە بۆ دروستکردنی بەرگری دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە