هۆکاری سەرەکی سەرئێشە و ماندوێتی دوای ژەمەکان چییە؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

زۆربەی کات دوای خواردنی ژەمەکان هەست بە قورسی، ئاوسانی سک و سەرئێشە دەکەین؛ زۆرجار بە سادەیی لێی دەڕوانین بەڵام دکتۆر ویڵ ، پسپۆڕی کۆئەندامی هەرس، ئاماژە بەوە دەکات ئەم نیشانانە ڕەنگە ئاماژەیەک بن بۆ هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ”M&F”، ئەو بێهێزی و بێزارییە زۆرەی دوای نانخواردن تووشی دەبین، بووەتە جۆرێک لە ڕۆتین لای زۆربەمان، بەڵام توێژینەوە پزیشکییەکان ڕاستییەکی تر دەسەلمێنن.

ئەم جۆرە هەوکردنە تەنها پەیوەندی بە کرداری هەرسەوە نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی ئاستی وزەی جەستە و تەنانەت دروستبوونی ئازاری جومگەکان هەیە.

یەکێک لە باوترین هەڵەتێگەیشتنەکان ئەوەیە کە خەڵک ئاوسانی سک تەنها وەک "غازات" دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نیشانەی ناهاوسەنگییە لە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵەدا.

کاتێک سیستەمی خۆراکیمان پشت بە خواردنە ئامادەکراوەکان (Processed Food) دەبەستێت و ڕیشاڵی تێدا نییە، بەکتریای ناو ڕیخۆڵە ناتوانێت بە دروستی کار بکات، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ هەست بە ماندوێتییەکی بێهۆکار و بێهێزییەکی گشتی بکات.

بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە و گەڕانەوەی تەندروستی بۆ کۆئەندامی هەرس، د. ویڵ جەخت لەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی دەکاتەوە:

١. ڕیشاڵەکان (Fiber)

٢.چەورییە تەندروستەکان

٣. خواردنە هەوێنراوەکان(Fermented Foods)

هەروەها بۆ ئەوەی فشار لەسەر ڕیخۆڵە کەم بکرێتەوە، پێشنیار دەکرێت لە سەرەتادا زیاتر سوود لە شۆربا و شەربەتی میوە و سەوزەی تێکەڵ وەربگیرێت چونکە ئەم جۆرە خواردنانە یارمەتی جەستە دەدەن بە هێواشی لەگەڵ ژەمە ڕووەکییەکاندا ڕابێت و ئاستی هەوکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە