چەند ڕێگەیەک بۆ كەم كردنەوەی تای منداڵەكەت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
ئێستا وەرزی سەرمایە و شەپۆلێکی بەهێزی پەتاکان روو لە منداڵان دەکات، ( تا )ش یەکێکە لە نیشانە وەڵامدەرەوەکانی جەستە لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشی.
د. نزار گۆران، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: گرنگە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەکاتی تووشبوونی منداڵ بە (تا) جێبەجێ بکرێن تاوەکو بە خێرایی تایەکە کەم ببێتەوە و منداڵەکە کەمترین زیانی بەربکەوێت:
1- جلوبەرگی زیادەی منداڵ لاببرێت، بەڵام نابێت رووت بکرێتەوە بۆ ئەوەی تووشی لەرز نەبێت.
2- پلەی گەرمیی ژوورەکە فێنک بێت و ئامێری گەرمکەرەوەی تێدا نەبێت.
3- ئاوی سارد بدرێت بە منداڵ.
4- دانانی سەهۆڵ یاخود پەڕۆیەکی سارد لە نێوچەوانی منداڵ.
5- زوو زوو پێوانی پلەی گەرمی، بۆ ئەوەی ئەگەر پلەی گەرمیی منداڵەکە 40 پلەی سەدی زیاتر بوو یاخود 35.5 پلەی سەدی کەمتر بوو، راستەوخۆ بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
6- پاراسیتامۆڵ بەشێوەی قەترە یان شرووب یاخود شاف بەپێی کێشی منداڵ و بە راوێژی پزیشکی دەرمانساز بدرێت بە منداڵ.
7- دەرمانی پڕۆفینی پێبدرێت، ئەگەر تایەکەی بەرزتر بوو و ئازاریشی هەبوو، ئەویش بە راوێژی پزیشکی دەرمانساز و پسپۆڕ.
8- ئەگەر منداڵ گەشکەی تای هەبوو، گرنگە لە ماڵەوە پێوەری تا و دەرمانی تا هەبێت.
9- ئەگەر تای منداڵ بە بەردەوامی دوای 3 رۆژ لە پێدانی دەرمانی ئازارشکێنەکان، بەردەوام بوو ئەوا سەردانی پزیشکی منداڵان بکرێت.
10- لەخۆڕا و بەبێ هیچ پشکنینێک دەرمانی دژەبەکتریاکان (دژەئیلتیهابات) نەدرێن بە منداڵ، چونکە هۆکاری نەخۆشییەکەی زۆرجار ڤایرۆسە نەک بەکتریا.
11- نابێت منداڵ سەری بشۆدرێت یاخود جەستەی بشێلدرێت، چونکە دەبێتە هۆی لەرز.
12- منداڵەکە زوو زوو ئاو بخواتەوە یاخود ئاوی پێبدرێت، بۆ ئەوەی جەستەی لە وشکبوونەوە پارێزراو بێت.
13- دەرمانی ئەسپرین بۆ منداڵی خوار 16 ساڵ بەکارنەهێندرێت.
14- ئازارشکێنی پڕۆفین بۆ منداڵی 3 مانگ یان 5 کیلۆ کەمتر یاخود تووشبووانی رەبۆ بەکارنەهێندرێت.
15- ئەگەر منداڵەکە گەشکەی هەبوو و جەستەی سوور بووەوە، دەم و پووکی کول بوو یاخود شیری نەخوارد ئەوا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
16- دەرمانی پاراسیتامۆڵ (پاراسیتۆڵ) نەدرێت بە منداڵی خوار 2 مانگ.
17- پاراسیتامۆڵی شرووب و شاف لەیەککاتدا نەدرێن بە منداڵ، چونکە ژەهراویی دەکات.
18- باشتر وایە شاف بۆ منداڵی خوار 2 مانگ بەکارنەهێندرێت، چونکە برینداری دەکات، بەڵکو باشتر وایە پێش بەکارهێنانی شاف، منداڵ کەمێک چەور بکرێت بە زەیت نەک بە ڤازلین.
19- نابێت لەیەککاتدا شافی ڤۆڵتارین و پڕۆفین بەکاربێت.
20- نابێت شافی فیکلۆفیناک (ڤۆڵاتین) بۆ ئەو منداڵانە بەکاربێت کە کێشەی گورچیلە و گەدەیان هەیە.
|