چەند زانیارییەك لەبارەی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن

20   کاتژمێر پێش ئێستا  99 جار خوێنراوەتەوە

پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ دەڵێت: نەخۆشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن درێژخایەنە بۆیە پێویستە نەخۆش بەردەوام بێت لەسەر وەرگرتنی چارەسەر، زۆرکات ئەم نەخۆشییە نیشانەی نییە تەنها سەرئێشە نەبێت.

د. ئومێد حەمە كەریم هەورامی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە نووسینێكدا ژمارەیەك زانیاری سەبارەت بە نەخۆشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دەخاتەڕوو.

ئەو پزیشكە زانیارییەكان بەمجۆرە دەخاتەڕوو:-

١ – ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە بۆیە پێویستە نەخۆش بەردەوام بێت لەسەر وەرگرتنی چارەسەر.

٢- زۆرکات ئەم نەخۆشییە نیشانەی نییە تەنها سەرئێشە نەبێت.

٣- باشتر وایە هەموو کەسێک کە تەمەنی لە نێوان ٣٥-٤٠ ساڵ یا زیاترە فشاری خوێنی خۆی بزانێت بە تایبەت کە ئەم نەخۆشییە بوونی هەبێت لە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیدا.

٤ -ئەم نەخۆشییە بە گشتی هۆکاری نییە (بۆ ماوەییە)، بە دەگمەن ئەگەر هۆکار هەبێت لەوانەی کە زۆر گەنجن یان فشاری خوێنیان زۆر بەرزە.

٥ -پێویستە نەخۆش واز لە وەرگرتن چارەسەر نەهێنێت کە پێی دەوترێت فشاری خوێنت (ضغط)ت کۆنتڕۆڵە، چونکە وازهێنان دەبێتە هۆی دووبارە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

٦- ئەم نەخۆشییە بۆیە چارەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی نە خۆش بەدووربێت لە (جەڵتەی مێشک و دڵ و نەخۆشییەکانی گورچیلە و چاو و هتد…)

٧- ئەگەر فشاری خوێن زۆر بەرز بوو دەبێت لە ماوەی ٢٤-٤٨ کاتژمێر کۆنتڕۆڵ بکرێت نەک بەپەلە، تەنها لە هەندێ حاڵەتی تایبەت نەبێت.

٨- نابێت نەخۆش دەرمان و حەبی خۆی بەراورد بە حەبی نەخۆشی تر بکات لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشییە چەند پلەیەکی هەیە و دەگۆڕێت لە نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی تر

٩ -دەبێت نەخۆش کێش دابەزێنێت، خواردنی تەندرووست و کەم خوێ بخوات، سەوزە و میوە زیاد بکات، وەرزش بکات و جگەرە نەکێشیت.

١٠- پێویست ناکات حەبی ئەم نەخۆشییە بگۆڕدرێت لەبەر ئەوەی نەخۆش دەمێکە بەکاریدەهێنێت بە تایبەت ئەگەر فشاری خوێنی کۆنتڕۆڵی کردبێت و هیچ زیانی لاوەکی نەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە